رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی پاکستان رۆژی شەممە رایگەیاند، وەزیرانی دەرەوەی پاکستان، سعودیە، تورکیا و میسر لە ئیسلام ئاباد کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
کۆبوونەوەی چوارقۆڵی لە ئیسلام ئاباد
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی پاکستان، ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان، هاوتاکانی خۆی بانگهێشت کردووە و بڕیارە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە لە پایتەختی ئەو وڵاتە بن.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ئاماژەی بەوە کردووە: "لەو سەردانەدا، وەزیرانی دەرەوە گفتوگۆی ورد لەسەر کۆمەڵێک پرس دەکەن، لەوانەش هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە." هەروەها بڕیارە وەزیرەکان چاویان بە شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان بکەوێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی پاکستان گوتی، کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکە رۆژی دووشەممە بەڕێوەدەچێت و پێشبینی دەکرێ شاندەکان ئێوارەی رۆژی یەکشەممە بگەنە پاکستان.
رۆڵی پاکستان وەک نێوەندگیر
لەگەڵ درێژەدان بە جەنگەکە، پاکستان وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی لەنێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەرکەوتووە و پەیامەکان لە نێوان هەردوولادا دەگوازێتەوە.
ئیسلام ئاباد پەیوەندییەکی مێژوویی لەگەڵ تاران و پەیوەندییەکی نزیکیشی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو هەیە. هاوکات شەهباز شەریف و عاسیم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان، پەیوەندییەکی کەسیی باشیان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دروست کردووە.
گۆڕینی شوێنی کۆبوونەوەکە
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی، لە سەرەتادا بڕیار بوو کۆبوونەوەکە لە تورکیا بکرێ، بەڵام درەنگانی رۆژی هەینی گوتی: "لەبەر ئەوەی پێویست بوو هاوتا پاکستانییەکانمان لە وڵاتەکەیان بمێننەوە، کۆبوونەوەکەمان گواستەوە بۆ پاکستان."
ئەگەری دیداری راستەوخۆی ئەمریکا و ئێران
لەلایەکی دیکەوە یۆهان وادیفوڵ، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رۆژی هەینی رایگەیاند، پێشبینی دەکات "بەم زووانە" دیدارێکی راستەوخۆ لەنێوان نوێنەرانی ئەمریکا و ئێران لە پاکستان بەڕێوەبچێت، بەڵام سەرچاوەی زانیارییەکەی ئاشکرا نەکرد.
هەرچەندە تاران تاوەکو ئێستا دانوستاندنی فەرمی لەگەڵ واشنتن رەتکردووەتەوە، بەڵام ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی نادیارەوە بڵاویکردووەتەوە کە ئێران لەرێگەی ئیسلام ئابادەوە وەڵامی خۆی بۆ پلانە 15 خاڵییەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ناردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ