رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی مۆسکۆ دەڵێن، چەند درۆنێکیان خستووەتە خوارەوە کە ویستوویانە شارەکە بکەنە ئامانج و ئۆکرایناش بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار دەکەن، هاوکات، تائێستا ئۆکراینا بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە.
رۆژی سێشەممە، 1ـی ئابی 2023، سێرگی سۆبیانین، پارێزگاری مۆسکۆ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلیگرام رایگەیاند، "چەندین درۆن کە هەوڵیانداوە بەسەر مۆسکۆدا بفڕن، لەلایەن سیستەمی ئاسمانی خراونەتە خوارەکە؛ یەکێکیان بەرەو هەمان تاوەر دەفڕی کە جاری پێشوو هێرشی کرایە سەر."
هاوکات، وەزارەتی بەرگری رووسیا، ئۆکراینای بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کرد و گوتی: "چەندین دامەزراوە لە مۆسکۆ کراونەتە ئامانج."
وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاماژە بەوە دەکات ژمارەی ئەو درۆنانەی کە هێرشیان کردووەتە سەر مۆسکۆ، سێ درۆن بوونە و دوانیان لەلایەن سیستەمی بەرگریی وڵاتەکەوە خراونەتە خوارەوە و درۆنێکی دیکەش کۆنتڕۆلی لەدەستداوە و خۆی کێشاوە بە باڵەخانەیەکی مۆسکۆدا.
دوای هێرشەکە، میدیاکانی رووسیا رایانگەیاند کە بۆ ماوەیەکی کاتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ڤونوکۆڤۆ لە مۆسکۆ لە کارکەوتووە.
ئەوە لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 30ـی تەممووزی 2023، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، سێ درۆنی "ئۆکراینی" تێکشکێندراون کە ئاراستەی مۆسکۆی پایتەخت کراون و زیانیان بە دوو تاوەری بازرگانی گەیاندووە.
هێرشە درۆنییەکانی سەر مۆسکۆ دوای ئەوە دێت، ماوەی چەند مانگێکە هێرشی پێچەوانەی ئۆکراینا دژی رووسیا بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی دەستیپێکردووە.
لە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینادا هەردوولا بە بەکارهێنانی درۆن هەوڵیانداوە زیان بە ژێرخانەکانی یەکتری بگەیێنن و دژبەرەکانیان پێ بکەنە ئامانج.
رۆژی 3-4-2023، کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) رایگەیاند، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراویان بەسەر کۆشکەکەوە خستوونەتە خوارەوە، کە بە گوتەی خۆی، ئامانج لێیان کوشتنی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بووە، بەڵام ئۆکراینا تۆمەتەکانی رەتکردەوە.
شەڕی نێوان ئۆکرانیا و رووسیا لە مانگی شوباتی 2022 دەستیپێکرد و بەگوێرەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دەستپێکی شەڕەکەوە تاوەکو 18ـی حوزەیرانی ئەمساڵ، نۆ هەزار و 83 هاووڵاتیی سڤیل کوژراون و 15 هەزار و 779 هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ