رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ هێرشی کردە سەر کردەوە سەربازییەکانی رووسیا لە ئۆکراینا و بە "قێزەون" ناوی بردن.
رۆژی پێنجشەممە، 31ـی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتن بە رۆژنامەڤانانی گوت، "رووسیا... پێموایە ئەوەی دەیکەن قێزەونە. پێموایە قێزەونە."
ترەمپ راشیگەیاند کە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتیی خۆی کە ئێستا لە ئیسرائیلە، دەنێرێتە رووسیا.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، پێشتر چەندین جار لە مۆسکۆ چاوی بە ویتکۆف کەوتووە، ئەمەش پێش ئەوەی هەوڵەکانی ترەمپ بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ کرێملن بوەستن.
واشنتن تاوەکو کۆتایی هەفتەی داهاتوو مۆڵەتی داوەتە مۆسکۆ بۆ ئەوەی لە ئۆکراینا جەنگ رابگرێت، ئەگەرنا رووبەڕووی سزای تووندی ئابووری دەبێتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا، بە ئاماژەدان بە پووتین گوتی، "سزا دەسەپێنین. نازانم سزا نیگەرانی دەکات یان نا."
ترەمپ پێشتر هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە رێوشوێنی نوێ رەنگە بریتی بێت لە "باجی لاوەکی" کە هاوبەشە بازرگانییەکانی دیکەی رووسیا وەک چین و هیندستان بکاتە ئامانج.
ترەمپ دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم ساڵ دووبارە گەڕایەوە کۆشکی سپی، سەرەتا گەشبین بوو بەوەی کە دەتوانێت لە ماوەیەکی کەمدا جەنگی رووسیا و ئۆکراینا بوەستێنێت.
بەڵام لە چەند هەفتەی رابردووەوە، رووسیا هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراینا چڕکردووەتەوە، ئەوەش ترەمپی نائومێد کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ