سەرۆکی ئەمریکا: لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 112 هەزار و 500 سەربازی رووسیا کوژراون

01-08-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 112 هەزار و 500 سەربازی رووسیا لە جەنگی ئۆکراینا کوژراون.
 
گرژییەکانی نێوان واشنتن و مۆسکۆ لەسەر جەنگی ئۆکراینا لە زیادبووندان. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاوەکو 8ی ئاب مۆڵەتی بە رووسیا داوە کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت، لە کاتێکدا ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا جەخت دەکاتەوە کە هیوای گفتوگۆی ئاشتی دەخوازێت، بەڵام پێیوایە باڵادەستیی سەربازی لای رووسەکانە.
 
ترەمپ ئەمڕۆ هەینی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند، "ئێستا ئاگادار کرامەوە کە نزیکەی 20 هەزار سەربازی رووسی تەنیا ئەم مانگە لە شەڕە بێماناکەی ئۆکراینادا کوژراون. رووسیا لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 112 هەزار و 500 سەربازی لەدەستداوە. ئەمە مردنێکی زۆری ناپێویستە!"
 
ترەمپ ئاماژەی بە زیانەکانی ئۆکرایناش کردووە و نووسیویەتی، "بەڵام ئۆکرایناش زیانی گەورەی بەرکەوتووە. ئەوان لە 1ی کانوونی دووەمی 2025ـەوە نزیکەی 8000 سەربازیان لەدەستداوە، ئەم ژمارەیە بێسەروشوێنەکان ناگرێتەوە. ئۆکراینا هاووڵاتیی سڤیلیشی لەدەستداوە، بەڵام بە ژمارەیەکی کەمتر، لە کاتێکدا مووشەکەکانی رووسیا بەر کیێڤ و شوێنەکانی دیکەی ئۆکراینا دەکەون."
 
سەرۆکی ئەمریکا جەنگەکەی بە "جەنگی بایدن" ناوبردووە و نووسیویەتی، "ئەمە جەنگێکە کە هەرگیز نەدەبوو رووبدات. ئەمە جەنگی بایدنە، نەوەک جەنگی ترەمپ. من تەنیا لێرەم بۆئەوەی بزانم دەتوانم رایبگرم!"
 
ترەمپ پێشتر رایگەیاندبوو، سزای نوێ بەسەر مۆسکۆ و ئەو وڵاتانەدا دەسەپێنێت کە سەرچاوەی وزەی رووسیا دەکڕن، ئەگەر تاوەکو 8ی ئاب هەنگاو بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگە سێ ساڵ و نیوییەکە نەنێن. سەرۆکی ئەمریکا ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر پووتین دەربڕیوە و بە کردنی "قسەی بێمانا" تۆمەتباری کردووە، هێرشەکانی ئەم دواییەی رووسیای بۆ سەر ئۆکرایناش بە "قێزەون" پێناسە کردووە.
 
پێش پۆستەکەی ترەمپ، پووتین ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، مۆسکۆ هیوای بە گفتوگۆی زیاتری ئاشتییە، بەڵام لە بەرەکانی جەنگدا هێزی رووسی باڵادەستە. پووتین، بێ ئەوەی ئاماژە بە مۆڵەتەکەی ترەمپ بکات، گوتی، "سێ خولی دانوستاندنی ئاشتی لەگەڵ ئۆکراینا ئەنجامی ئەرێنییان هەبووە و چاوەڕێی بەردەوامبوونی گفتوگۆکانین."
 
سەبارەت بە تووڕەییەکەی ترەمپ، پووتین گوتی، "هەموو نائومێدییەک لە چاوەڕوانیی زیاد لە پێویستەوە سەرچاوە دەگرێت. بۆ چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکە پێویستە گفتوگۆی ورد بکرێت، نەوەک لەبەرچاوی گشتی، بەڵکو دەبێت بە هێمنی و لەنێو پرۆسەی دانوستاندندا بێت."
 
پووتین ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانی رووسیا لە تەواوی بەرەکانی جەنگەوە هێرش دەکەنە سەر ئۆکراینا، وەکو ئاماژەیەک بە راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی، کە رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، هێزەکانیان دوای 16 مانگ شەڕ، شارۆچکەی چاسیڤ یاری ئۆکراینایان کۆنترۆڵ کردووە، هەرچەندە ئۆکراینا رەتیکردەوە شارۆچکەکە بەتەواوی کەوتبێتە دەستی رووسیا.
 
پووتین ئەم قسانەی لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بێلاڕووس کرد لە دوورگەیەک لەنزیک دەریاچەی لادۆگا.
 
ماوەی چەندین مانگە ئۆکراینا داوای ئاگربەستی دەستبەجێ دەکات، بەڵام رووسیا دەڵێت، چارەسەرێکی کۆتایی و بەردەوامیان دەوێت، نەوەک وەستانێکی کاتی.
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، جارێکی دیکە داوای گفتوگۆی راستەوخۆی لەگەڵ پووتین کرد و رۆژی هەینی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "ئێمە دەزانین کێ لە رووسیا بڕیار دەدات و کێ دەبێت کۆتایی بەم جەنگە بهێنێت. هەموو جیهانیش ئەمە دەزانێت. ئەمریکا ئەمەی پێشنیاز کردووە، ئۆکرایناش پشتگیری کردووە، ئەوەی پێویستە، ئامادەیی رووسیایە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا