ترەمپ لە وەڵامی بەرپرسێکی باڵای رووسیا دوو ژێردەریایی ئەتۆمی لە 'شوێنی گونجاو' جێگیر دەکات

01-08-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، لە وەڵامی قسەکانی بەرپرسێکی باڵای رووسیا، فەرمانی کردووە دوو ژێردەریایی ئەتۆمی لە "شوێنی گونجاو" جێگیربکرێن. 

لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی 1ی ئاب نووسیویەتی، "لەسەر بنەمای قسە زۆر دنەدەرەکانی دیمیتری مێدڤیدێڤ، سەرۆکی پێشووی رووسیا و جێگری ئێستای سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا، فەرمانم کردووە دوو ژێردەریایی ئەتۆمی لە شوێنی گونجاو جێگیر بکرێن، لە ئەگەری ئەوەی ئەم قسە گەمژە و تێکدەرانە لە قسەکردن زیاتر بن. وشەکان زۆر گرنگن و هەندێک جار سەردەکێشن بۆ ئاکامی نەخوازراو. هیوادارم ئەمجارە وانەبێت."

ترەمپ روونی نەکردووەتەوە کە مەبەستی ئەو ژێردەریاییانەیە کە بە وزەی ئەتۆمی کار دەکەن یان چەکی ئەتۆمییان لەسەرە. هەروەها زانیاریی زیاتری لەبارەی شوێنەکانیان نەخستووەتەڕوو.

ئەمریکا و رووسیا زۆرترین بۆمبی ئەتۆمیی جیهانیان بەدەستەوەیە. لە چوارچێوەی سێکوچکەی ئەتۆمیی وشکانی، دەریایی و ئاسمانیدا، واشنتن بەردەوام ژێردەریاییە ئەتۆم هەڵگرەکانی لە ئامادەییدا دەهێڵێتەوە.

ترەمپ باسی لەوەش نەکردووە کە کام قسەی مێدڤیدێڤ وای لێ کردووە ئەم هەنگاوە نائاسایی و ناباوە بۆ جێگیرکردنی ژێردەریایی ئەتۆمی بنێت.

بەلام رۆژی دووشەممەی رابردوو، مێدڤیدێڤ رەخنەی تووندی لە ترەمپ گرت، لەسەر ئەوەی کە هەڕەشەی کردووە ئەگەر رووسیا کۆتایی بە جەنگی ئۆکراینا نەهێنێت، ئەوا سزای سەختی ئابووری بەسەر مۆسکۆدا دەسەپێنێت.

مێدڤیدێڤ ترەمپی تۆمەتبارکرد بەوەی "یاریی دوا هۆشداری" دەکات. ئەو لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیبووی، دەبێت ترەمپ لەبیری بێت کە رووسیا "نە ئیسرائیلە و نە ئێران."

بەرپرسەکە کە زۆر لە پووتینەوە نزیکە، رایگەیاندبوو، "هەموو دوا هۆشدارییەکی تووند هەڕەشەیەک و هەنگاوێکە بەرەو جەنگ. نەک لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا، بەڵکو لەگەڵ وڵاتەکەی خۆی."

مێدڤیدێڤ داکۆکیکار و پشتیوانێکی سەرسەختی جەنگی رووسیایە لەدژی ئۆکراینا و بەگشتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ رۆژئاوا باش نین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا