سەرەڕای بڕیاری دادگا، چارەنووسی ماڵباتێکی ئێزدیی دیپۆرتکراو بۆ ئەڵمانیا نادیارە

02-08-2025
رووداو @Rudawkurdish
ماڵباتە ئێزدییەکە
ماڵباتە ئێزدییەکە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە کاتێکدا کە تەنها دوو رۆژ ماوە بۆ یادی 11 ساڵەی جینۆسایدی ئێزدییەکان لە شنگال و بڕیارە لە سەرتاسەری ئەورووپا، ئەمریکا و ئوسترالیا یادی قوربانییان بکرێتەوە، چارەنووسی ماڵباتێکی رزگاربووی ئێزدی کە لەم دواییانەدا لە ئەڵمانیاوە دیپۆرتکراونەتەوە، بووەتە رۆژەڤێکی گەرم و نیگەرانیی لێکەوتووەتەوە.
 
ماڵباتی قاسم، کە لە ژن و مێردێک و چوار منداڵ پێکدێن، چەند رۆژێک لەمەوبەر لە ئەڵمانیاوە دیپۆرتکرانەوە بۆ بەغدا؛ بەڵام تەنها چەند کاژێرێک دوای نیشتنەوەی فڕۆکەکەیان، دادگایەکی شاری بەرلین بڕیارێکی دەرکرد و رایگەیاند، رەتکردنەوەی داواکاریی مافی پەنابەرییەکەیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی براندنبورگەوە "نایاسایی" بووە. ئەگەر بڕیارەکە چەند کاژێرێک زووتر دەرچووایە، ماڵباتەکە لە دیپۆرتکردنەوە دەپارێزران.
 
ئەم بڕیارەی دادگا، کە لەنێو رای گشتیی ئەڵمانیادا دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو و زیاتر لە 1000 واژۆ بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ ئەڵمانیا کۆکرایەوە، هیوایەکی دروستکرد کە ماڵباتەکە بتوانن بە شێوەیەکی یاسایی بگەڕێنەوە ئەڵمانیا. کارێبا هاگەمان، پارێزەری ماڵباتەکە رایگەیاندبوو، بە زوویی داواکاریی یاسایی بۆ هێنانەوەیان پێشکێش دەکات.
 
بەڵام لە دوایین پێشهاتدا، گوتەبێژێکی دادگای بەرلین لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی "تاگەس شپیگل"ی ئەڵمانی روونکردنەوەی زیاتری دا و رایگەیاند، "نایاسایی دانانی بڕیاری رەتکردنەوەی مافی پەنابەرییەکە بەو مانایە نییە کە ماڵباتەکە مافی ئۆتۆماتیکییان هەیە بگەڕێندرێنەوە ئەڵمانیا."
 
گوتەبێژەکە هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، "هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت ئەو ماڵباتە لە ئێستادا لە عێراق رووبەڕووی هەڕەشەی داعش بوونەتەوە."
 
ئەم لێدوانە ئاڵۆزیی زیاتری خستووەتە سەر دۆسیەکە. پارێزەری ماڵباتەکە ماوەی 30 رۆژی لەبەردەستە بۆئەوەی تانە لە بڕیارەکە بدات، بەڵام چارەنووسی کۆتایی ئەم ماڵباتە رزگاربووەی دەستی جینۆساید هێشتا بە نادیاری ماوەتەوە، لە کاتێکدا جیهان خۆی بۆ یادکردنەوەی ئەو کارەساتە ئامادە دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە