داتای نوێ نیگەرانیی لە ئەڵمانیا دروستکردووە؛ هەزاران پەنابەر بە ئیقامەی یۆنانییەوە داوای مافی پەنابەری دەکەن

02-08-2025
رووداو @Rudawkurdish
ژمارەیەک کۆچبەر لە ئەڵمانیا. وێنە: ئەرشیڤ
ژمارەیەک کۆچبەر لە ئەڵمانیا. وێنە: ئەرشیڤ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی نێوخۆی ئەڵمانیا داتایەکی نوێی بڵاوکردووەتەوە کە قەبارەی دیاردەیەکی نوێی کۆچ ئاشکرا دەکات و بووەتە جێی نیگەرانیی بەرپرسانی ئەو وڵاتە. بەپێی داتاکان، ژمارەیەکی بەرچاو لەو پەنابەرانەی کە لە یۆنان مافی مانەوەیان وەرگرتووە، بە شێوەیەکی یاسایی گەشت بۆ ئەڵمانیا دەکەن و دووبارە داوای مافی پەنابەری پێشکێش دەکەن.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تەنها لە ماوەی نێوان سەرەتای ئەم ساڵ تاوەکو مانگی ئایار، نزیکەی 8000 کەس کە خاوەنی ئیقامەی یۆنان بوون، لە ئەڵمانیا داوای مافی پەنابەرییان کردووە. ئەم ژمارەیە بەراورد بە ساڵی رابردوو لە هەڵکشاندایە، کە 26 هەزار کەسی هاوشێوە بە درێژایی ساڵی 2023 هەمان رێگەیان گرتبووەبەر.
 
لێشاوی ئەم جۆرە کۆچبەرانە، کە زۆربەیان بە پاسپۆرتی پەنابەریی یۆنانی و بە شێوەیەکی یاسایی دەچنە ناو ئەڵمانیا، سیستمی پەنابەریی ئەو وڵاتەی رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی گەورە کردووەتەوە. لەڕووی یاساییەوە، ئەڵمانیا ناتوانێت رێگری لە هاتنیان بکات، بەڵام کێشەکە کاتێک دەستپێدەکات کە دووبارە داوای پەنابەری دەکەن، ئەمەش پێچەوانەی "رێککەوتنی دبلن"ە.
 
رێککەوتنی دبلن و پابەندنەبوونی وڵاتان
 
بەپێی رێککەوتنی دبلن، ئەو وڵاتەی یەکێتیی ئەورووپا کە پەنجەمۆری پەنابەرێکی تێدا تۆمار کراوە، بەرپرسە لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی پەنابەرییەکەی. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەڵمانیا مافی هەیە ئەو پەنابەرانە بنێرێتەوە بۆ یۆنان یان هەر وڵاتێکی دیکەی ئەورووپی کە یەکەم جار تێیدا داوای پەنابەرییان کردووە.
 
بەڵام داتاکانی "بانکی زانیاریی پەنابەران لە ئەورووپا" - (AIDA) دەریدەخەن، ئەم رێککەوتنە بە کردەوە وەکو پێویست جێبەجێ ناکرێت و هاوسەنگیی تێدا نییە:
 
ئەڵمانیا ساڵی رابردوو داوای ناردنەوەی نزیکەی 75 هەزار پەنابەری بۆ وڵاتانی دیکەی ئەورووپا کردووە، بەڵام تەنها 5827 کەسیان لێ وەرگیراوەتەوە.
 
لە بەرامبەردا، وڵاتانی دیکە داوای ناردنەوەی نزیکەی 15 هەزار پەنابەریان بۆ ئەڵمانیا کردووە و ئەڵمانیاش 4592 کەسیانی وەرگرتووەتەوە.
 
ئەم ئامارانە نیشانی دەدەن کە ئەڵمانیا زۆر زیاتر پابەندی وەرگرتنەوەی پەنابەرانە بەراورد بەو وڵاتانەی کە دەبێت پەنابەرەکانی لێ وەربگرنەوە. ئەم پرسە گەنگەشەیەکی گەرمی لە ئەڵمانیا دروستکردووە و بەرپرسان بەدوای رێگەچارەیەکدا دەگەڕێن بۆ سنووردارکردنی ئەم دیاردەیە، لە کاتێکدا چارەنووسی هەزاران کۆچبەر، کە زۆرێکیان کوردن، بەهۆی ئەم سیاسەتانەوە نادیارە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە