سوێد سزای دارایی ئەو دایک و باوکانە دەدات کە لە کاتی خوێندندا منداڵەکانیان دەبەن بۆ گەشت

02-08-2025
رووداو @Rudawkurdish
ئاڵای سوێد بەسەر باڵەخانەیەکی وڵاتەکەوە
ئاڵای سوێد بەسەر باڵەخانەیەکی وڵاتەکەوە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی سوێد پلانی هەیە بۆ تووندکردنی رێکارەکان بەرامبەر ئەو دایک و باوکانەی منداڵەکانیان لەکاتی دەوامی فەرمیی قوتابخانەدا دەبەنە گەشتی دەرەوەی وڵات، بەتایبەت ئەوانەی بۆ ماوەیەکی درێژ و بەبێ مۆڵەتی فەرمی لە خوێندن دایاندەبڕێنن.
 
سیمۆنا مۆهاسۆن، وەزیری پەروەردە و خۆگونجاندنی سوێد رایگەیاند، حکومەتەکەی دەیەوێت لێکۆڵینەوە بکات لە چۆنێتیی سەپاندنی سزای دارایی بەسەر ئەو خێزانانەدا. ئەم هەنگاوە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت منداڵەکانیان دەبەنە گەشت، یان سەرەڕای رەتکردنەوەی داواکارییەکەیان لەلایەن کارگێڕیی قوتابخانەوە، هەر گەشتەکە دەکەن و لە کاتی دیاریکراودا ناگەڕێنەوە.
 
وەزیرە سوێدییەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، ژمارەی ئەم جۆرە کەیسانە "یەکجار زۆر زیادیانکردووە" و پێویستە رێگرییان لێبکرێت.
 
نیگەرانییەکانی حکومەت تەنها پرسی دابڕان لە خوێندن نییە. مۆهاسۆن ئاماژەی بەوەش کرد، "هەندێکجار منداڵەکان بەزۆر دەبردرێنە ئەو گەشتانە." لە میدیاکانی سوێدیشدا چەندین نموونە هێندراونەتەوە، تێیاندا دایک و باوکان منداڵەکانیان بردووەتەوە بۆ وڵاتی خۆیان و لەوێ بەزۆر بەشوویان داون یان ژنیان بۆ هێناون.
 
هەرچەندە بەپێی سیستمی ئێستای سوێد سزا بۆ ئەم سەرپێچییە بوونی هەیە، بەڵام شێوازی جێبەجێکردنەکەی روون نییە؛ بۆیە ئەم پێشنیازە نوێیە ئامانجی ئەوەیە کە سزایەکی دارایی روون و دیاریکراو دابنرێت بۆ رێگریکردن لەم دیاردەیە و پاراستنی مافی منداڵان لە خوێندن.
 
ئەم هەنگاوە نوێیە ئاگادارییەکی گرنگە بۆ هەموو ئەو خێزانانەی لە سوێد دەژین، بەتایبەت ئەو کۆچبەرانەی کە بۆ پشووی هاوینە یان بۆنەکانی دیکە سەردانی وڵاتەکانی خۆیان دەکەنەوە و پێویستە پابەندی یاساکانی خوێندنی منداڵەکانیان بن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە