زیلینسکی داوا لە هاوپەیمانانی دەکات کار بۆ گۆڕینی رژێمی ئێستای رووسیا بکەن

01-08-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئۆکراینا داوای لە هاوپەیمانەکانی کرد کار بۆ "گۆڕینی رژێم" لە رووسیا بکەن، ئەمەش چەند کاژێرێک دوای هێرشێکی درۆنی و مووشەکیی رووسیا بۆسەر کیێڤ دێت، کە بووە هۆی کوژرانی 26 کەس.
 
شەوی پێنجشەممە 31ی تەممووزی 2025 ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بەبۆنەی 50 ساڵەی واژۆکردنی رێککەوتننامەکانی هێلسنکی لە سەردەمی شەڕی سارد، گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
سەرۆکی ئۆکراینا باسی لە گۆڕینی دەسەڵات لە رووسیا کرد و گوتی، "ئەگەر جیهان ئامانجی گۆڕینی رژێمی لە رووسیا نەبێت، ئەوا مانای وایە تەنانەت دوای کۆتاییهاتنی شەڕیش، مۆسکۆ هێشتا هەوڵی ناسەقامگیرکردنی وڵاتانی دراوسێی دەدات."
 
گوتەکانی زیلینسکی هاوکات بوو لەگەڵ هێرشەکانی رووسیا کە بە چڕی ئۆکراینایان کردە ئامانج.
 
هێرشەکان بەشێک لە بلۆکێکی نیشتەجێبوونی 9 نهۆمیی لە گەڕەکەکانی رۆژئاوای کیێڤیان وێران کرد و بوونە هۆی برینداربوونی لانیکەم 150 کەس لە پایتەخت.
 
هاوکات سوپای رووسیا رایگەیاند، چاسیڤ یاری کۆنترۆڵ کردووە، کە شارۆچکەیەکە لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا و چەندین مانگە شەڕێکی قورسی تێدا دەکرێت.
 
مۆسکۆ لە مانگەکانی رابردوودا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆسەر ئۆکراینا چڕ کردووەتەوە، بەرەنگاری گوشاری ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بووەتەوە و پێشڕەوییەکانیشی بەردەوامە.
 
هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا رایگەیاند، لە درەنگی شەوی چوارشەممەوە تاوەکو بەرەبەیانی پێنجشەممە، رووسیا زیاتر لە 300 درۆن و هەشت مووشەکی کروزی ئاراستەی ئۆکراینا کردووە و کیێڤ ئامانجی سەرەکی بووە.
 
سوپای رووسیا رایگەیاند، لە هێرشێکی شەوانەدا بە بەکارهێنانی درۆن، هێرشی کردووەتە سەر فڕۆکەخانەیەکی سەربازی، کۆگایەکی تەقەمەنی و دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی درۆن.
 
هێرشەکە چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، مۆڵەتێکی 10 - 12 رۆژەی دایە مۆسکۆ بۆ جەنگ رابگرێت کە ئێستا لە ساڵی چوارەمدایە، ئەگەرنا رووبەڕووی سزا دەبێتەوە.
 
ترەمپ رۆژی پێنجشەممە هێرشی تووندی کردە سەر کردەوەکانی رووسیا لە ئۆکراینا و ئاماژەی بەوەدا کە سزای نوێ دژ بە مۆسکۆ بەڕێوەیە.
 
ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی گوت، "رووسیا... پێموایە ئەوەی دەیکەن قێزەونە. پێموایە قێزەونە."
 
سەرۆکی ئەمریکا، بە ئاماژەدان بە پووتین گوتی، "سزا دەسەپێنین. نازانم سزا نیگەرانی دەکات یان نا."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە