رووداو دیجیتاڵ
بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی لیبرێڤیلی پایتەختی گابۆن بەهۆی کۆتاییپـێهێنانی فەرمانڕەوایی بنەماڵەیەکەوە، کە ماوەی 55 ساڵ کورسیی دەسەڵاتی وڵاتەکەیان قۆرخ کردبوو، دڵخۆشی دەردەبڕن.
ژنێکی دانیشتووی پایتەختی گابۆن دەڵێت، "ئەمە سەربەخۆییە. وڵاتەکەمان ئازاد کرا. ئێمە ئازاد بووین."
عەلی بۆنگۆ، نزیکەی چواردە ساڵ سەرۆکی گابۆن بوو، پێش خۆشی عومەر بۆنگۆی باوکی نزیکەی 42 ساڵ لەسەر ئەو کورسییە بوو، کە مردن لێی جیاکردەوە.
30ی ئاب، بردنەوەی خولی سێیەمی سەرۆکایەتیی عەلی بۆنگۆ راگەیێندرا، بەڵام سوپا رایگەیاند، سەرۆک ساختەکاریی لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە و کودەتایان بەسەردا کرد.
هاووڵاتییەکی دیکەی پایتەختی گابۆن ئاماژە بەوە دەکات، "دەمەوێت سوپاسی سوپا بکەم. پێشانی خەڵکی گابۆنیان دا کە ئەوان لە بەرەی ئێمەن."
سێیەکی هاووڵاتییانی گابۆن لەژێر هێڵی هەژاریدان؛ لە کاتێکدا بنەماڵەی سەرۆکی کودەتابەسەرداکراو تۆمەتبار دەکرێت بەوەی بە نەوتی وڵاتەکەی بووەتە خاوەنی ملیۆنان دۆلار و چەندین کۆشکی شاهانەشی لە نێوجەرگەی پاریسی پایتەختی فەرەنسا هەیە.
هاوشێوەی باوکی، عەلی بۆنگۆ هاوپەیمانی نزیکی فەرەنسا بوو؛ لادانی ئەو سەرۆکە، دووەم گورز بوو لە ماوەی کەمتر لە 5 هەفتە، لە ئەفریقا بەر بەرژەوەندییەکانی فەرەنسا بکەوێت لەدوای کودەتای نەیجەر.
گابۆن دەکەوێتە رۆژئاوای ئەفریقا، 2 ملیۆن و 341 هەزار دانیشتووی هەیە. بەگوێرەی ئۆپێک، 26 ملیار مەتر سێجا گازی سرووشتی و 2 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی هەیە.
ئەو وڵاتە، بەگوێرەی داتاکانی روانگەی کۆمەڵگەی ئابووری OEC، لە ساڵی 2021دا 3.61 ملیار دۆلار لە نەوت، 1.34 ملیار دۆلار لە مەنگەنیز، 534 ملیۆن دۆلار لە دار و تەختە و 34.5 ملیۆن دۆلاری لە زێڕ دەستکەوتووە.
فەرەنسا نزیکەی 80 کۆمپانیای لە گابۆن هەیە، دیارترینیان ئێرامێت-ە کە لە بواری دەرهێنانی کانزاکان کاری دەکرد، بەڵام لەدوای کودەتاکەوە وەستاوە.
پاریس لابردنی هاوپەیمانەکەی لە دەسەڵات سەرکۆنە دەکات، بەڵام یەکێتیی ئەوروپا، بەهۆی گومانی ساختەکاریی هەڵبژاردن، هەڵوێستەکەی نەرمترە.
ئۆلیڤیێر ڤاران، گوتەبێژی حکومەتی فەرەنسا رایگەیاند، "فەرەنسا کودەتای سەربازیی گابۆن سەرکۆنە دەکات و لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکات."
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپاش دەڵێت، "کودەتای سەربازی نابێتە چارەسەر، بەڵام دەبێت لە بیرمان نەچێت کە هەڵبژاردنەکانی گابۆن پڕبوون لە پێشێلکاری. کودەتای سەربازی هەیە و کودەتای دامەزراوەییش هەیە، کە چەکی تێدا بەکارناهێندرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ