دادگایکردنی دۆناڵد ترەمپ بەشێوەیەکی راستەوخۆ دەگوازرێتەوە

01-09-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی ناوچەی فوڵتۆن لە ویلایەتی جۆرجیای ئەمریکا رایگەیاند، دادگاییکردنەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کە بە گۆڕینی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی رابردووی سەرۆکایەتی تۆمەتبار کراوە، بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە کەناڵەکان دەگوازرێتەوە و خەڵکی دەتوانن تەماشای بکەن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 31ـی ئابی 2023، سکۆت ماکئافێم دادوەر لە دادگەی ناوچەی فوڵتۆن لە شاری ئەتلانتای ویلایەتی جۆرجیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هەموو دادگاییکردنەکە بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە کەناڵی فەرمیی دادگە لە یوتیوب بەردەست دەبێت."
 
تائێستا رۆژی دادگاییکردنی دۆناڵد ترەمپ دیاری نەکراوە، بەڵام چاوەڕواندەکرێت پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت، کە ترەمپیش، بەگوتەی خۆی، یەکێک دەبێت لە بەربژێرەکان. 
 
رۆژی 25-8-2023، دۆناڵد ترەمپ لە ناوچەی فولتۆن خۆی بەدەستەوەدا ئەوەش بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020ـی ئەمریکا کە ترەمپ لە بەرژەوەندیی جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا هەڵبژاردنەکەی دۆڕاند.
 
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەبوایە 200 هەزار دۆلار وەکو دەستەبەر بدات تاوەکو ئازادبکرێت، ئێستاش چاوەڕوانی رۆژی دادگاییەکەی دەکات. دوای ئەوە ترەمپ کەیسەکەی بە "بەلاڕێدابردنی دادپەروەری" ناوبرد.
 
ئەمە چوارەم تۆمەتە دوای نەمانی لە پۆستی سەرۆکی ئەمریکا ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ دەکرێت، بەڵام ترەمپ ئەو تۆمەتانە بە "بێ بنەما" ناودەبات.
 
ترەمپ یەکێکە لە بەربژێرە سەرەکییەکانی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2024ـی سەرۆکایەتی ئەمریکا و بەگوێرەی راپرسییەکی پەیمانگەی سیەنا پۆڵی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری دڵخوازی لایەنگرانی پارتی کۆمارییە لە ئەمریکا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە