رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە ساڵێکە هاوکاریی دارایی نەدراوە بەو ئاوارانەی لە هەرێمی کوردستانەوە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان. بەگوێرەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، دواکەوتنی ئەو پارەیە بەهۆی کێشەی کەمی نەختینەوە بووە و سێ پێشنیازیان کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەى ئاوارەکان.
عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی نەبوونی نەختینەوە نەتوانراوە هاوکاریی دارایی بۆ ئەو ئاوارانە خەرج بکرێ کە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان. بۆ چارەسەری ئەو کێشەیەش وەزیری کۆچ و کۆچبەران نووسراوی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراق کردووە و بڕیارە لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا تاوتوێ بکرێ."
هەر خێزانێکی ئاوارە بگەڕێتەوە زێدی خۆی، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق چوار ملیۆن دیناری وەک هاوکاری پێدەدات.
عەلی جەهانگیر رایگەیاند: "ئەو پارەیە لە ئابی 2024ەوە خەرج نەکراوە."
بودجەی ساڵانەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق 276.9 ملیار دینارە؛ لەو بڕە 15.9 ملیار دیناری بۆ مووچەی ئەو وەزارەتەیە.
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، پێشنیازی سێ ئەگەریان کردووە بۆ چارەسەری پرسی ئاوارەکان کە ئەوەیە یان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان یان شوێنی سێیەم هەڵبژێرن جگە لە شوێنی ئاوارەبوونیان و زێدی خۆیان. ئەگەری سێیەم مانەوەیانە لەو پارێزگایەی بۆی ئاوارە بوون، بەڵام دەبێت لە کەمپەکان بچنە دەرەوە و وەک نیشتەجێی پارێزگاکە تۆماربکرێن.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، 22 کەمپی ئاوارە لە هەرێمی کوردستان ماون کە نزیکەی 18 هەزار خێزانی ئاوارەیان تێدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ