رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی ئەوانەی لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی شەوی رابردووی ئەفغانستان گیانیان لەدەستدا گەیشتووەتە لانیکەم 812 کەس و زیاتر لە دوو هەزار و 800ی دیکەش بریندارن.
بوومەلەرزەکە بە گوڕی 6 پلە بوو و زۆرترین زیانی بە پارێزگەی کونەر لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەفغانستان گەیاند و ژمارەی گیانلەدەستدان و برینداران لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدایە.
بوومەلەرزەکە کاژێر 11:47ـی شەوی یەکشەممە روویدا، لە کاتێکدا بەشێکی خەڵک نووستبوون. چەقی بوومەلەرزەکە لە نزیک جەلال ئابادی پایتەختی پارێزگای نەنگەرهار و بە قووڵایی 14 کیلۆمەتر بوو.
لە گوندە دوورەدەستەکانی پارێزگەی کونەری باکووری رۆژهەڵات، کە هاوشێوەی زۆربەی ئەفغانستان خانووەکانی بە خۆڵ و بەرد پێکەوەنراون، بوومەلەرزەکە وێرانکاریی هەرە گەورەی ناوەتەوە.
زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی حکومەتی تاڵیبان رایگەیاند، "لە کونەر 800 شەهیدمان هەیە، انا لله وانا اليه راجعون. دوو هەزار و 500 کەسیش بریندارن."
تیمەکان هەر بە نیوەشەو دەستیان بە فریاکەوتن کرد. لەبەر ئەوەی ناوچەکە شاخاوی و سەختە و ئۆتۆمبێلیان پێ ناگات، حکومەت بە هێلیکۆپتەر بریندارەکانی گواستەوە.
دانیشتووی گوندێکی پارێزگەی کونەر دەڵێت، "نزیکەی 95٪ی خانووەکانی گوندەکەمان وێران بوون. زۆر شەهید و بریندارمان هەیە. هەر خێزانێک پێنج بۆ 10 برینداری هەیە."
بوومەلەرزەکە لە کابوولەوە تا ئیسلامابادی پایتەختی پاکستانی دراوسێ، خانووەکانی لەرزاند.
ئەفغانستان دەکەوێتە سەر هێڵی بەریەککەوتنی پلێتەکانی ئۆراسیا و هیندی و زوو زوو بوومەلەرزە لێی دەدات.
وڵاتەکە بە رەوشێکی نالەبارەوە رووبەڕووی کارەساتە سرووشتییەکە دەبێتەوە.
چوار دەیە لە جەنگ لەگەڵ ئەمریکا وڵاتەکەی وێران و ماندوو کرد و لەگەڵ گەڕانەوەی تاڵیبانیش بۆ سەر دەسەڵات لە ئابی 2021ـەوە، نیوەی یارمەتییە دەرەکییەکانی لێ بڕدراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ