ژمارەی مردووان بەهۆی بوومەلەرزەکەی فلیپینەوە بۆ 69 کەس بەرزبووەوە

01-10-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی بەرەنگاربوونەوەی کارەساتەکان لە فلیپین رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە نێوەڕاستی فلیپین بۆ لانیکەم 69 کەس بەرزبووەوە، هاوکات دەیان بریندار گەیێندراونەتە نەخۆشخانە.
 
بەپێی زانیارییەکانی دەستەی رووپێوی جیۆلۆجیی ئەمریکا، بوومەلەرزەکە بە گوڕی 6.9 پلە بە پێوەری رێختەر و لە قووڵاییەکی کەم لە نزیک شاری بۆگۆ لە باکووری دوورگەی سیبو روویداوە، کە شارێکە نزیکەی 90 هەزار دانیشتووی هەیە.
 
دیمەنە بڵاوکراوەکان دەریدەخەن کە کارمەندانی نەخۆشخانەکان لەبەردەم فریاکەوتنەکاندا تەرمەکان دەخەنە نێو کیسەی رەشەوە و بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بۆ مردووخانەکان دەیانگوازنەوە.
 
رافائیلیتۆ ئەلێخاندرۆ، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی بەرگریی شارستانی فلیپین بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی گوت: "ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە 69 کەس. زۆربەی مردووەکان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا گیریان خواردبوو کە ئەوەش بووەهۆی مردنیان."
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکان کە ئەلێخاندرۆ خستوونیەتیەڕوو، زۆرترین زیانەکان لە شاری بۆگۆ بووە کە 30 کەس گیانیان لەدەستداوە؛ لە ناوچەکانی دیکەی نزیک چەقی بوومەلەرزەکە، 22 کەس لە سان ریمیگیۆ و 10 کەس لە مێدێلین گیانیان لەدەستداوە.
 
نەخۆشخانەی ناوەندیی شاری بۆگۆش بڵاویکردەوە، تاوەکو ئێستا 186 برینداریان وەرگرتووە و چارەسەری پێویستیان بۆ دەکەن، بەڵام پێشبینی دەکرێ ژمارەی بریندارەکان لە کاژێرەکانی داهاتوودا زیاتر بێ.
 
بوومەلەرزەکە زیانی بە ژێرخانی ناوچەکەش گەیاندووە و ژمارەیەک رێگەی سەرەکیی گوندەکانیش زیانیان بەرکەوتووە کە ئەوەش کاری گەیاندنی هاوکاریی بۆ ناوچە دوورەدەستەکان قورستر کردووە.
 
فلیپین، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە، یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بوومەلەرزە تێیدا رووداوێکی دەگمەن نییە. ئەو وڵاتە دەکەوێتە سەر "ئەڵقەی ئاگرینی" زەریای هێمن کە ناوچەیەکی کەوانەیی بەرفراوانە و چالاکیی بوومەلەرزەیی و گڕکانیی بەهێزی تێدا روودەدات. ئەم ئەڵقەیە لە ژاپۆنەوە دەستپێدەکات و بە درێژایی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا و حەوزی زەریای هێمن درێژدەبێتەوە.
 
سەرەڕای زۆریی روودانی بوومەلەرزەکان، زۆربەیان ئەوەندە لاوازن کە مرۆڤ هەستیان پێناکات و هیچ زیانێکی ئەوتۆیان نییە. بەڵام بوومەلەرزە بەهێز و وێرانکەرەکان بە شێوەیەکی کتوپڕ و هەڕەمەکی روودەدەن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە