رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) زنجیرەیەک گۆڕانکاریی لە رێساکانی تایبەت بە کارمەندانی راگەیاند، کە ستانداردی تووندی بۆ لێهاتوویی جەستەیی، شێوازی دەرکەوتن و پرۆگرامەکانی راهێنان داناوە. ئەم هەنگاوە دوای گوتارێکی پیت هێگسێس، وەزیری جەنگ دێت، کە لە بنکەی مارێنزی کوانتیکۆ لە ڤێرجینیا پێشکێشی کرد و تێیدا بەڵێنی دا سەرنجی نوێی وەزارەتەکەی بخاتەوە سەر "توانای شەڕکردن" و ئامادەیی جەنگی.
بەپێی ئەو یاداشتانەی بڵاوکراونەتەوە، گۆڕانکارییە سەرەکییەکان بریتین لە تووندکردنی پێوەرەکانی لێهاتوویی جەستەیی. لەمەودوا، سەربازان و کارمەندانی وەزارەتەکە دوو تاقیکردنەوەی ساڵانە دەکەن: تاقیکردنەوەی ستانداردی خزمەتگوزاری و تاقیکردنەوەی مەیدانیی شەڕ.
هێگسێس دەڵێت، چی دیکە جیاوازی لەنێوان ستانداردەکان نامێنێت و رایگەیاند، "پێویستە هەموو ئەندامانی هێزە شەڕکەرەکان، بێ لەبەرچاوگرتنی رەگەز، بگەنە بەرزترین ستانداردی پیاوان بۆ لێهاتوویی جەستەیی."
بۆ ئەو کارمەندانەی لە یەکە شەڕکەرەکاندان، وەک هێزی تایبەتی نەیڤی سیڵز، ئەفسەرانی پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنی، مارێنز، تۆپخانە، ئەندازیارانی سەربازی، ستانداردەکان زۆر تووندتر دەبن.
ئەم یەکانە دەبێت بە لایەنی کەمەوە تێکڕای 70%ی نمرە لە هەموو بەشەکانی تاقیکردنەوەکەدا بەدەست بهێنن.
بۆ ئەو کارمەندانەی شەڕکەر نین، تاقیکردنەوە ستانداردەکانی خزمەتگوزاری کە رەگەز و تەمەن لەبەرچاودەگرن، وەک خۆیان دەمێننەوە، بەڵام ئەوانیش دەبێ هەڵسەنگاندنێکی ئامادەیی بۆ شەڕ تەواو بکەن. ئەندامانی هێزی یەدەگ و گاردی نیشتمانیش تەنیا یەک تاقیکردنەوە دەکەن کە بەپێی پۆست و ئەرکەکانیان دیاری دەکرێ.
لەلایەکی دیکەوە، پشکنینی پێکهاتەی جەستە کە بە پێوانەی باڵا و کەمەر ئەنجام دەدرێ، ساڵانە دوو جار دەکرێ و بڕیارە لە 60 رۆژی داهاتوودا رێنمایی وردتر لەوبارەیەوە دەربچێ.
یەکێک لە گۆڕانکارییە هەرە بەرچاوەکان، تووندکردنی رێساکانی خۆڕێکخستن و رووخسارە. بەپێی رێنماییە نوێیەکان، سەربازان دەبێت ریشیان بە تەواوی تاشرابێ، تەنیا رێگە بە سمێڵێکی رێک و کورتکراو دەدرێ.
وەزیری جەنگ فەرمانی کردووە بە ئەنجامدانی پێداچوونەوەیەکی 60 رۆژە بە سەرجەم ستانداردەکانی خوێندن و راهێنانی سەربازی. ئامانج لێی بەراوردکردنی پرۆگرامەکانی ئێستا بە پرۆگرامەکانی ساڵی 1990ـە، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی راهێنانەکان لەگەڵ ئامادەیی بۆ شەڕدا دەگونجێن.
هاوکات، راهێنانە ناچارییەکان کەمدەکرێنەوە؛ خولەکانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی و پاراستنی زانیاری کەمتـر دەبنەوە، راهێنانی یاسای پاراستنی نهێنی لادەبرێ و راهێنانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە سووکتر دەکرێ. راهێنانی رێگریکردن لە خۆکوشتن دەمێنێتەوە، بەڵام پێویستە بە روونی رێگریکردن و وەڵامدانەوە لێک جیا بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ