جەنگی ئیلۆن مەسک و نێتفلێکس هەرا دەنێتەوە

01-10-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە چەند رۆژی رابردوودا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس کە خاوەنەکەی ئیلۆن مەسکە، بووەتە مەیدانی شەڕێکی گەرم لەنێوان لایەنگرانی مەسک و پلاتفۆرمی نێتفلێکس، ئەمەش بەهۆی ئەوەی یەکێک لە بەرپرسانی نێتفلیکس، چارلی کیرک، چالاکڤانی راستڕۆ و نەرتیخوازی ئەمریکی و دۆستی نێزیکی مەسک کە مانگی رابردوو کوژرا، بە "نازیی" ناوبردووە. 
 
لەدوای راگەیاندنی ئەو جەنگە لەسەر تۆڕی ئێکس لەلایەن ئیلۆن مەسکەوە، راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی هەژماری نێتفلیکسەکەی، هاشتاگی "هەڵوەشاندنەوەی هەژماری نێتفلێکس" بووە ترێند لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەخێرایی بڵاوبووەوە، بە سەتان بەکارهێنەر وێنەی هەڵوەشاندنەوەی بەشداریکردنەکانیان لە پلاتفۆرمی نێتفلێکس پۆست کرد، ئەمەش وەک نیشاندانی پشتگیرییان بۆ مەسک. 
 
هۆکاری سەرەکی ئەم ناڕەزایەتییە پەیوەندی بە پۆستێکی هەیمش ستیل، بەرهەمهێنەری زنجیرە ئەنیمەیشنی نێتفلێکس"Dead End: Paranormal Park"، دەربارەی کوشتنی چارلی کیرک. 
 
بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، ستیل لە پۆستەکانیدا گاڵتەی بە شێوازی کوشتنی کیرک کردووە، وەک لە یەکێک لە پۆستەکانیدا نووسیوویەتی، "بۆچی خەڵک کۆمێنت بۆ ئەم بێ مێشکە دەنوسێت و هاوسۆزن و بۆ هیچ کام لەو کەسانە هاوسۆز نین کە بە چەکەکانیان دەکوژرێن، بەڵام نازییەک دەکوژرێت دەبێتە رووداوێکی گەورە."
 
جگە لەمە، بەشێک لە بەکارهێنەران نێتفلێکسیان تۆمەتبار کرد بە "پشتگیریکردنی ئایدیۆلۆژیای رەگەزگۆڕاوەکان"، بەتایبەتی لە پەخشکردنی ئەو زنجیرە ئەنیمەیشنەی هامیش ستیل. 
 
بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، کارەکتەری سەرەکی ئەو زنجیرەیە ناوی بارنییە و تەمەنی 17 ساڵە. ئەو لە زنجیرەکەدا باس لەوە دەکات، کەسێکە رەگەزی خۆی گۆڕیوە و رەخنەگرانی ئەو زنجیرەیە دەڵێن، کۆمپانیای نێتفلێکسیان تۆمەتبار کردووە بەوەی پشتگریی لەو دیاردەیە دەکات، بەتایبەتی لەنێو گەنجاندا.
 
پاشان مەسک لەگەڵ دەستپێکردنی هەڵمەتی جەنگی بایکۆتی نێتفلیکس، لە پۆستێکدا نووسیوویەتی "ئەگەر دەتانەوێت منداڵەکانتان پارێزراو بن و تەندروست بن، ئەندامێتی نێتفلیکستان هەڵبوەشێننەوە." 
 
ئەم پشتگیرییەی مەسک کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبوو لەسەر فراوانبوونی شەپۆلی هەڵوەشاندنەوەی بەشداریکارانی نێتفلێکس لەلایەن لایەنگرانی ترەمپ و راستڕۆکانی ئەمریکا کە ئەوانیش بەشێوەیەکی بەرچاو هەواداری کیرک بوون.
 
کیرک لە سەرەتای مانگی رابردوو لەلایەن گەنجێکی ئەمریکییەوە لەگۆڕەپانی زانکۆی ویلایەتی یوتای ئەمریکا لەکاتی قسەکردنی بۆ خوێندکارانی زانکۆ، کوژرا. 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە