ماکرۆن دەڵێت، سەرکردەی بەرەی رزگاریخوازی جەزائیر لەلایەن هێزەکانی فەرەنساوە کوژراوە

01-11-2024
رێبەر حوسێن
A+ A-
 
رووادو دیجیتاڵ

سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت، عەرەبی مەهدی، سەرکردەی بەرەی رزگاریخوازی جەزائیر لە ساڵی 1957 لە جەنگی وڵاتەکە بۆ سەربەخۆیی لەلایەن هێزەکانی فەرەنساوە کوژراوە.
 
رۆژی هەینی 01-11-2024 کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا لە یادی 70 ساڵەی سەرهەڵدانی شۆڕشی جەزائیر بۆ سەربەخۆیی دژی فەرەنسا، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
 
سەرۆکایەتیی فەرەنسا دەڵێت، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا "ئەمڕۆ ئاشکرای کرد کە عەرەبی مەهدی، پاڵەوانی نیشتمانیی جەزائیر لەلایەن سەربازانی فەرەنساوە کوژراوە."
 
عەرەبی مەهدی، یەکێک بوو لە سەرکردە دیارەکانی بەرەی رزگاریخوازی جەزائیر دژی داگیرکاریی فەرەنسا؛ هەروەها یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی پارتی بەرەی ئازادی نیشتمانیی جەزائیر. 
 
فەرەنسا لە ساڵی 1830 هێرشیکردە سەر جەزائیر و ساڵی 1848 بەتەواوی خستیە ژێر دەسەڵاتی خۆی. 
 
ساڵی 1962 جەزائیر لە ژێر دەستی فەرەنسا رزگاریبوو و سەربەخۆیی بەدەستهێنا. 
 
دوای ئەوەی لە کاتی جەنگی یەکەمی جیهانییدا فەرەنسا بەڵینەکانی بۆ پێدانی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبردن بە خەڵکی جەزائیر نەبردە سەر، بەرەی رزگاریخوازی جەزائیر بۆ سەربەخۆی وڵاتەکەی دامەزرا. 
 
لە کاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا جموجووڵ و چالاکییەکانی بەرەکە فراوانتر بوو. 
 
لە ساڵی 1954 پارتی بەرەی رزگاریخوازی جەزائیر دەستی بە جەنگی پارتیزانی کرد و لە هەمان کاتدا لە نەتەوە یەکگرتووکان داوای سەربەخۆیی کرد. 
 
لە جەنگەکەدا زیاتر لە 27 هەزار سەربازی فەرەنسا کوژران. هەروەها بەگوێرەی سەرچاوە جەزائیرییەکان، ملیۆنێک و 500 هەزار جەزائیری کوژراون. 
 
لە تەمموزی 1962 جەزائیر گشتپرسی سەربەخۆیی کرد و 6 ملیۆن کەس بە بەڵێ دەنگیان دا و وڵاتەکە سەربەخۆیی بەدەستهێنا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە