دیموکراتەکان هەڕەشەی رێگری لە دابینکردنی بودجەی زیاتر بۆ جەنگی ئێران دەکەن

22 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەیەک ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە پارتی دیموکرات ئاماژە بەوە دەکەن کە دژی هەر داواکارییەکی نوێ دەوەستنەوە بۆ تەرخانکردنی بودجەی وەزارەتی جەنگ (پێنتاگۆن) بۆ جەنگی ئێران؛ دەشڵێن، کۆشکی سپی بە شێوەیەکی گونجاو ئامانجەکانی و ماوەی بەردەوامبوونی جەنگەکەی روون نەکردووەتەوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 8ی ئاداری 2026، حەکیم جێفریس، سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: "ئیدارەی ترەمپ نەیتوانیوە روونکردنەوەی پێویست بۆ ئەم جەنگە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بخاتە روو"؛ گوتیشی، هێشتا بڕی ئەو پارەیەی پێنتاگۆن داوای دەکات دیار نییە.
 
کریس مێرفی، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا (دیموکرات) دژایەتی تووندی بۆ هەر زیادکردنێکی بودجە بۆ پێنتاگۆن و بەکارهێنانی بۆ جەنگی ئێران پیشاندا و پەیامێکی ئاراستەی کۆمارییەکان کرد و گوتی: "ئەگەر پشتگیری سەربازەکان دەکەن، دەبێت دژی دابینکردنی بودجە بۆ ئەم جەنگە دەنگ بدەن، تاوەکو سەربازەکانمان لە مەترسی دووربخەینەوە". 
 
هەرچەندە کۆنگرێس پار نزیکەی 900 ملیار دۆلاری وەک بودجەی پێنتاگۆن پەسندکرد، بەڵام ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکای ئاگادار کردووەتەوە کە پێویستیان بە پارەی زیاترە بۆ جەنگی ئێران کە پسپۆڕانی ئەو وڵاتە دەڵێن، رۆژانە زیاتر لە 890 ملیۆن دۆلاری پێویستە. 
 
ئەم خەرجییە زۆرەی ئەمریکا پەیوەندی بەو بۆردوومانانەی دەیکەنە سەر ئێران، ئەو فڕۆکانەی بۆ ئەو مەبەستە هێناویەنەتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەو سیستمی بەرگرییانەوە هەیە کە بۆ رێگری لە هێرشەکانی تاران گواستوونەتییەوە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. 
 
بە گوێرەی دەستووری ئەمریکا، دابینکردنی پارەی زیاتر بۆ پێنتاگۆن لە 100 ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پێویستی بە 60 دەنگە. کۆمارییەکان 53 دەنگ، دیموکراتەکان 45 دەنگ و دووەکەی دیکەشیان سەربەخۆن. کۆنگرێسی ئەمریکا لە دوو ئەنجوومەن پێکدێت؛ یەکێکیان ئەنجوومەنی پیران و ئەوی دیکەش ئەنجوومەنی نوێنەرانە کە 435 ئەندامی هەیە. 
 
هەفتەی رابردوو دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەران پڕۆژەیەکیان بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی وڵاتەکەیان و رێگری لە بەردەوامی جەنگی ئێران پێشکێش کرد، بەڵام لە هەردوو ئەنجوومەنەکەدا کۆمارییەکان زۆرینە بوون و پڕۆژەکەیان رەتکردەوە. 
 
رۆژی 28ی شوبات جەنگی واشنتن و تەلئەڤیڤ لەگەڵ تاران بە هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد و دواتر ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامی هێرشەکەی دایەوە و ژمارەیەک هێرشیشی کردووەتە سەر وڵاتانی کەنداو. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، 49 سەرکردەی ئێرانیان کوشتووە کە دیارترینیان عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران بووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا

راپۆرتێک: ترەمپ بیر لە ناردنی هێزی تایبەت دەکاتەوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمەکەی ئێران

ئاژانسی "بلومبێرگ" ئاشکرای دەکات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاوتوێی بژاردەی ناردنی هێزی تایبەت دەکات بۆ ناو خاکی ئێران، ئەمەش بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی ئەو یۆرانیۆمە پیتێندراوەی کە تاران کۆی کردووەتەوە و نزیکە لە ئاستی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی.