رووداو دیجیتاڵ
شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر، هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو بە "هەڵەیەکی ستراتیژیی کوشندە" ناودەبات و دەڵێت، تاران بەو هێرشانە "خیانەت"ی لە قەتەر کردووە.
سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە یەکەم لێدوانیدا پاش ئەوەی وڵاتەکەی کەوتە بەر هێرشەکانی ئێران رایگەیاند، ناوچەکە کەوتووەتە نێو "قۆناخێکی زۆر سەختەوە"، بەڵام دەستخۆشی لە هێزە ئەمنی و بەرگرییەکانی وڵاتەکەی کرد بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان.
"هەست بە خیانەت دەکەین"
شێخ محەممەد کە وەک یەکێک لە نێوەندگیرە دیارەکانی جیهان بۆ چارەسەری قەیرانە ئاڵۆزەکان دەناسرێت، بە تووڕەییەوە باسی لە هەڵوێستی تارانی کرد و گوتی: "هەست بە خیانەتێکی گەورە دەکەین. تەنیا یەک کاژێر دوای دەستپێکردنی شەڕەکە، قەتەر و وڵاتانی دیکەی کەنداو هێرشیان کرایە سەر، لەکاتێکدا ئێمە بە روونی رامانگەیاندبوو نابینە بەشێک لە هیچ شەڕێک دژی دراوسێکانمان."
ئەم قسانەی قەتەر بەرامبەر ئێران لە کاتێکدایە، دەوحە هەمیشە وەک پردێکی دیپلۆماسی لەنێوان تاران و جیهاندا کاری کردووە، بەڵام ئێستا ئەو پەیوەندییە بە تەواوی گرژی تێکەوتووە.
سەرۆکوەزیرانی قەتەر گوتی: "ئێمە هەمیشە هەوڵمان داوە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ئێران هەبێت، بەڵام ئەو پاساوانەی بۆ هێرشکردنە سەرمان بەکاری دەهێنن، بە هەموو شێوەیەک رەتکراوەن."
سەرۆکوەزیرانی قەتەر تۆمەتی ئەوەی خستە پاڵ ئێران، کە بە مەبەست ژێرخانی سڤیلی کردووەتە ئامانج و گوتی: "25٪ی هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە سیڤیلەکان بوون؛ فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکان، وێستگەکانی ئاو و دامەزراوەکانی گاز کراونەتە ئامانج. ئەمە چ پەیوەندییەکی بە شەڕەوە هەیە؟ دەیانەوێت چی بەدەست بهێنن؟"
مەترسی بۆ سەر ئابووریی جیهان
شێخ محەممەد هۆشداری دا تێکچوونی دۆخی کەنداو تەنیا لە ناوچەکەدا نامێنێتەوە، بەڵکو کاریگەریی وێرانکەری لەسەر ئابووریی جیهان دەبێت. قەتەر نزیکەی 20٪ـی گازی جیهان دابین دەکات و یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی پەین لە جیهاندا، هەر پەککەوتنێکی بەردەوام لەو وڵاتەدا، بازاڕەکانی وزە و دابینکردنی خۆراک لەسەر ئاستی جیهان تووشی شۆک دەکات.
سەرەڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکان، سەرۆکوەزیرانی قەتەر جەختی لەوە کردەوە، بژاردەی سەربازی تەنیا قەیرانەکە قووڵتر دەکاتەوە. داوای لە ئێران و ئەمریکاش کرد کە پاشەکشە بکەن و رێگری بکەن لەوەی تەواوی ناوچەکە بخزێتە نێو شەڕێکی وێرانکەرەوە.
لە کۆتاییدا گوتی: "دیپلۆماسی تاکە رێگەی دەربازبوونە. هەرچەندە هەڵە هەڵسەنگاندنەکەی ئێرانییەکان بۆ هێرشکردنە سەر کەنداو هەموو شتێکی تێکدا، بەڵام هێشتا بڕوامان بە دانوستاندن هەیە. ئێران دراوسێی ئێمەیە و ئەمە چارەنووسمانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ