بەشێکی زۆری دەنگدەرانی ئەمریکا دەیانەوێت پێشوەختە دەنگ بدەن

01-11-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

نوێترین راپرسی لەنێو دەنگدەرانی ئەمریکی دەریدەخات، زیاتر لە نیوەی دەنگدەران دەیانەوێت بەشداری لە دەنگدانی پێشوەختە بکەن و تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 60 ملیۆنیان دەنگیان داوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2024، دامەزراوەی گاڵەپ (Gallup) نوێترین راپرسی سەبارەت بە دەنگدانی پێشوەختە بڵاوکردەوە. 
 
راپرسییەکە کە لەنێوان 14 تاوەکو 27 ئۆکتۆبەر کراوە، 20٪ـی دەنگدەرانی ئەمریکی رایانگەیاندووە، بەشدارییان لە هەڵبژاردندا کردووە و بەربژێری خۆیان لە دەنگدانی پێشوەختە هەڵبژاردووە، هەروەها 34٪ـی دەنگدەرانی ئەمریکی رایانگەیاندووە، پلانیان هەیە بەشداری لە هەڵبژاردنی پێشوەختە بکەن. 
 
هەروەها 42٪ـی ئەو دەنگدەرانەی کە بەشدارییان لە راپرسییەکەدا کردووە ئاماژەیان بەوە کردووە، دەیانەوێت بە فیزیکی لە رۆژی 5ـی مانگ بەشداری لە دەنگدان بکەن. 
 
تاقیگەی هەڵبژاردن لە زانکۆی فلۆریدا رایدەگەیێنێت، تاوەکو رۆژی هەینی، ژمارەی ئەوانەی بەشدارییان لە دەنگدانی پێشوەختە کردووە گەیشتووەتە زیاتر لە 60 ملیۆن کەس. 
 
لە 20 ساڵی رابردوودا خواست لەسەر دەنگدانی پێشوەختە زیادی کردووە. لە هەڵبژاردنی 2000ـدا 16٪ـی دەنگەکان پێشوەختە بوون؛ لە 2004ـدا 22٪ بوو؛ لە ساڵی 2008دا 30٪؛ لە 2012ـدا ٪33؛ لە 2016ـدا ٪40 و لە 2020ـیش بەهۆی کۆرۆناوە رێژەکە بۆ 64٪ بەرزبووەوە.
 
ئەو هاووڵاتییانەی مافیان هەیە پێشوەختە دەنگ بدەن، بریتین لەوانەی لە رۆژی هەڵبژاردندا گەشتیان هەیە، نەخۆشن، کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەتن، بەتەمەنن، کارێکی تایبەت یان بەرپرسیاریێتییەکی ئایینیان لە رۆژی هەڵبژاردندا هەیە، خزمەتی سەربازییان هەیە یان لە دەرەوەی ئەمریکا دەژین و کار دەکەن.
 
زیاتر لە 231 ملیۆن کەس لە ئەمریکا مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام تەنیا 168 ملیۆنیان ناوی خۆیان بۆ دەنگدان تۆمار کردووە. 
 
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا رۆژی 5ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان و دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان رکابەرایەتیی یەکدی دەکەن.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەردەم پەرلەمانی کۆریای باشوور دوای کشانەوەی هێزەکان. وێنە: AFP

کۆریای باشوور باری نائاسایی لە وڵاتەکە هەڵگرت

ئێوارەی سێشەممە، یوون سووک یۆل، سەرۆکی کۆریای باشوور باری لەناکاوی لە وڵاتەکە راگەیاند و دەسەڵاتی سەربازی خستەکار، بەوەش سەرجەم چالاکییە سیاسییەکانی وڵاتەکەی قەدەخە کرد.