رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی فینلاند هەڵمەتێکی نوێی دژی کۆچبەرانی نایاسایی دەستپێکردووە، بەهۆی ئەو هەڵمەتەشەوە رێژەی دیپۆرتکردنەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و لە هەمان کاتیشدا ترسی لەنێو دڵی کۆچبەران دروستکردووە.
بەگوێرەی ئاماری پۆلیسی نیشتمانیی فینلاند، لەنێوان مانگی کانوونی دووەم و ئەیلوولی ئەم ساڵ، 2070 کۆچبەری نایاسایی لەو وڵاتە دیپۆرتکراونەتەوە، ئەمەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2024 بە رێژەی 30% زیادیکردووە.
بەگوێرەی راپۆرتی میدیای فینلاند، لە ساڵی 2023وە، لەوکاتەی حکومەتی راستڕۆی فینلاند هاتووەتە سەر دەسەڵات، دەستیکردووە بە تووندکردنی سیاسەتەکانی بەرامبەر کۆچبەران.
لە ساڵی 2023 بەدواوە فینلاند مەرجی تووندتر و قورسی بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی، مۆڵەتی نیشتەجێبوون، یەکگرتنەوەی خێزان و وڵاتینامە دانا، هەرچەندە تاوەکو ئێستا ساڵانە ژمارەیەکی زۆر کۆچبەری بەتوانا و کارزان وەردەگرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا یەکێک لەو رێکارانەی حکومەتی فینلاند تووندی کردووە، ئەوەیە کە لە ساڵی رابردووەوە کۆچبەرانی نایاسایی ناتوانن داواکاریی کارکردن پێشکێش بکەن، ئەمەش وایکردووە زۆر لە کۆچبەرە نایاساییەکان بێکار بن و لە دۆخێکی خراپی ئابووریدا بن.
تاوەکو ئێستا هیچ داتایەکی فەرمی لەسەر ژمارەی کۆچبەرانی نایاسایی کە لە فینلاند دەژین، نییە؛ بەڵام پێشبینی دەکرێت ژمارەی ئەو کۆچبەرانە لەنێوان 3500 بۆ 5000 کۆچبەر بن.
یان لاپسۆ، بەرپرس لە پۆلیسی نیشتمانیی فینلاند رایگەیاند، ئامانجی ئەو رێکارانەی حکومەت ئەوەیە بتوانێت بە شێوەیەکی باشتر پرسی کاروباری کۆچبەران بەڕێوەببات، لەگەڵ بەهێزکردنی ئاسایشی ناوخۆ و رێکخستنی سیاسەتی گشتیی کۆچبەران لە فینلاند، لەگەڵ وڵاتانی دیکەی باکووری ئەورووپا.
لەوبارەیەوە، ئەو بەرپرسە فینلاندییە دەڵێت، "سیاسەتی کۆچبەرانمان زۆر تووندتر کردووە. تەنانەت دەتوانین باس لەوە بکەین کە گۆڕانکارییەکی نموونەیی لەو بوارەدا دروست بووە."
لەبارەی تووندکردنی رێکارەکانی فینلاند بەرامبەر کۆچبەران، ئێرنا بۆدسترۆم، توێژەر لە پەیمانگەی کۆچبەرانی فینلاند رایگەیاند، "پێشتر فینلاند بۆ کۆچبەران وڵاتێکی شیاو بوو، دەکرا ژیانێکی پارێزراویان هەبێت، بەڵام ئێستا وانییە."
بەگوێرەی دەستەی ئاماری فینلاند، نزیکەی 11%ی ژمارەی دانیشتووانی فینلاند کە 5.6 ملیۆن کەسە، باوانیان پەنابەر بوون و ئەو رێژەیەش لەدوای ساڵی 2000، بە شێوەیەکی بەردەوام لە زیادبووندا بووە.
هەر لەسەر تووندکردنی رێکارەکان، یۆهانس هیرڤێلا، گوتەبێژی دەزگەی کاروباری کۆچبەرانی فینلاند بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، "بڕیاری رەتکردنەوە لەسەر داواکاریی مافی مانەوە، بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو، زۆر زیاتر بووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ