ترەمپ هەڕەشەی پشتگوێخستنی ناتۆ دەکات؛ "بۆچی ئێمە هاوکارییان بکەین و ئەوان نەیکەن؟"

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە بێئومێدیی خۆی بەرامبەر بە هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ دەربڕی، ئەوەش بەهۆی رەتکردنەوەی ناردنی پشتگیریی سەربازی بۆ پاراستنی تەنگەی هورمز. ترەمپ رایگەیاند، رەنگە واشنتن لە کاتی پێویستدا هاوکارییان نەکات ئەگەر داوای لێ بکرێت.
 
ترەمپ لە گوتارێک لە شاری مەیامی گوتی، "ئەوان لەوێ نەبوون (هاوکار نەبوون). ئێمە ساڵانە سەدان ملیار دۆلار لە ناتۆ خەرج دەکەین بۆ پاراستنی ئەوان، هەمیشە بۆیان ئامادە دەبووین، بەڵام ئێستا بەپێی رەفتارەکانی ئەوان، پێم وایە پێویست ناکات ئێمەش لەگەڵ ئەوان بین، وایە؟"
 
سەرۆکی ئەمریکا بە ئاماژەدان بەوەی کە هاوپەیمانە ئەورووپییەکان پشتیان تێ کردووە لە جەنگی ئێران و پرسی تەنگەی هورمز، گوتی، "بۆچی ئێمە لەگەڵ ئەوان بین ئەگەر ئەوان لەگەڵ ئێمە نەبن؟ ئەوان لەگەڵ ئێمە نەبوون."
 
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدا دێن، واشنتن گوشاری خستبووە سەر وڵاتانی ناتۆ بۆ ئەوەی کەشتیی جەنگی رەوانەی ناوچەی کەنداو بکەن تاوەکو رێڕۆی هەناردەکردنی نەوت بکەنەوە، کە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە پەکیکەوتووە. بەڵام زۆربەی وڵاتانی ئەورووپی بە وریاییەوە مامەڵەیان کرد و رایانگەیاند، تەنیا دوای راگەیاندنی ئاگربەست ئامادەن بەشداری لە ئەرکێکی نێودەوڵەتیدا بکەن بۆ پاراستنی کەشتیوانی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە