رووداو دیجیتاڵ
رووخاندنی باڵەخانەی رۆژهەڵاتی کۆشکی سپی و نۆژەنکردنەوەی بەس نەبوو، ئێستا سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کردووە کە گەرماو و توالێتی کۆشکی سپیشی بە زێڕ و مەڕمەڕ نۆژەن کردووەتەوە.
رۆژی هەینی 31-10-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وێنەی نۆژەنکردنەوەی بەشێکی دیکەی کۆشکی سپیی بڵاوکردەوە، ئەمجارە وێنەی نۆژەنکردنەوەی گەرماو و توالێتی کۆشکی سپی، ناسراو بە گەرماوی "لینکۆڵن"ی بە زێڕ و مەڕمەڕ بڵاوکردەوە.
ناوی گەرماوەکە کراوە بەناوی ئابراهام لینکۆڵن، شانزەیەمین سەرۆکی ئەمریکا و لە ساڵانی 1861 بۆ 1865 سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتەی کردووە.
ترەمپ وێنەکانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی سۆشیال ترووس بڵاوکردەوە، لەگەڵ وێنەی هەمان گەرماو و توالێتی 80 ساڵ لەمەوبەر، کە بە کاشیی رەنگی سەوز دروستکراوە.
.jpeg)
بەڵام بەگوێرەی وێنە نوێیەکانی، ئێستا گەرماوەکە ئاوێنە و بەلوعەکانی زێڕن، دیوارەکەشی بە مەڕمەڕی سپی و خۆڵەمێشی گرانبەها دروستکراوە.
ئەو لە پۆستەکەیدا نووسیویەتی، "گەرماوی لینکۆڵنم لە کۆشکی سپی نۆژەنکردەوە. لە ساڵانی 1940 بە کاشیی سەوز نۆژەنکرابووەوە، کە ئەمەش بە هیچ شێوەیەک گونجاو نەبوو بۆ سەردەمی لینکۆڵن."
.jpeg)
ترەمپ دەشڵێت، "بەڵام من بە مەڕمەڕی رەش و سپیی بریقەدار رازاندمەوە. ئەمە زۆر گونجاو بوو بۆ سەردەمی ئەبراهام لینکۆڵن و لە راستیدا لەوانەیە کاتێک ئەو لە کۆشکی سپی بووبێت، هەر ئەو مەڕمەڕە بووبێت."
.jpeg)
ئەم نۆژەنکردنەوەیە، لەدوای چەند رۆژێک دێت کە ترەمپ لەنێو میدیاکانی ئەمریکا مشتومڕی دروستکرد، بەوەی باڵەخانەی بەشی رۆژهەڵاتی کۆشکی سپیی بە تەواوی رووخاند، تاوەکو هۆڵێکی گەورەی مۆدێرن و نوێی بە بڕی 300 ملیۆن دۆلار تێدا دروست بکات.
.jpeg)
گەرماوی لینکۆڵن نزیکە لە ژووری نووستنی لینکۆڵن، کە لە نهۆمی دووەمی کۆشکی سپییە. ژووری نووستنی لینکۆڵن پێشتر ئۆفیسی سەرۆک و ژووری کۆبوونەوەی کابینەی لینکۆڵن بوو، بەڵام لە ساڵی 1945 ئەو ژوورە لەلایەن هاری ترومان، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا ناوەکەی گۆڕدرا، کرا بەناوی لینکۆڵنەوە و بڕیاری دا سەرجەم کەلوپەلی سەردەمی ئەو سەرۆکە لەو ژوورەدا دابنرێت.
ئیلۆن مەسک، سەرمایەدار و دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان، لە پۆستێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" رایگەیاند، "چەند جارێک لەسەر داوای ترەمپ لە ژووری نووستنی لینکۆڵن خەوتووە، ئەوکاتەی دەزگەی کارامەیی حکومەتی بەڕێوەدەبرد."
.jpeg)
لەوەتەی گەڕاوەتەوە بۆسەر کورسیی سەرۆکایەتی، دۆناڵد ترەمپ دەستیکردووە بە زنجیرەیەک پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و بیناسازی لەنێو کۆشکی سپی.
لەو پڕۆژانەش کە ترەمپ دەستی داوەتێ، نۆژەنکردنەوەی نووسینگەی تایبەتی سەرۆک، کە بە "ئۆفیسی هێلکەیی" ناسراوە، بە زێڕ دیکۆری کردووەتەوە، باخچەیەکی نەهێشتووە و بە قیر دایپۆشیوە و دوو ستوونی ئاڵای گەورەی ئەمریکاشی لە بەشی باکوور و باشووری کۆشکی سپی داناوە.
.jpeg)
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ