رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی لە یەکێک لە درێژخایەنترین ناکۆکییەکانی کێشوەری ئەفریقا دا و بە کۆی دەنگ پشتگیریی پلانی مەغریبی بۆ پێدانی ئۆتۆنۆمی بە بیابانی رۆژئاوا، لەژێر سەروەریی ئەو وڵاتە دا.
ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی ئاسایش کە 11 ئەندامی ئەنجوومەنەکە بە "بەڵێ" دەنگیان دا و هەریەک لە رووسیا، چین و پاکستان دەنگیان بە "نەخێر" دا و جەزائیریش دەنگی نەدا. ئەمریکا سەرکردایەتیی ئەو هەوڵانەی کرد و هەر ئیدارەی ترەمپ رەشنووسی بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئامادە کردووە.
بیابانی رۆژئاوا کە رووبەرەکەی هەمان رووبەری بەریتانیایە و بە کانزا و سامانە سرووشتییەکان بەنێوبانگە، لە ساڵی 1975ـەوە لە ناوجەرگەی ناکۆکییەکی سەختی کیشوەری ئەفریقادا بووە؛ کاتێک ئیسپانیا لەو ناوچەیە کشایەوە، مەغریب بۆشاییەکەی پڕکردەوە و ئەو ناوچەیەی بە وڵاتەکەیەوە لکاند.
لەو کاتەشەوە، بیابانی رۆژئاوا بە هەرێمێکی جێناکۆک لە رۆژئاوای کیشوەری ئەفریقا ناسراوە و ناکۆکییەکەش لەنێوان مەغریب و وڵاتی خۆدانپێدانراوی کۆماری عەرەبیی سەحراوی دیموکراتە، کە لەلایەن بەرەی پۆلیسارییەکانەوە بەڕێوەبرێت، کە بەرەیەکی سیاسی و چەکدارییە.
هەرێمەکە 80%ی لەلایەن مەغریبەوە کۆنترۆڵ کراوە و تەنیا 20%ی لەژێر دەستی کۆماری عەرەبیی سەحراویی دیموکراتدایە.
پێش بڕیارەکەی رۆژی هەینی، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بیابانی رۆژائاوای وەکو "ناوچەیەکی ناخۆبەڕێوەبەر" داناوە و لە ساڵی 1991ـەوە هێزی ئاشتیپارێزی لەو ناوچەیە جێگیر کردووە، ئامانجیشی بوو گشتپرسییەک رێکبخات بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ناوچەکە.
هەرچی حکومەتی ئەمریکایە، لە گەڕی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ دا دانی بە سەروەریی مەغریب بەسەر ناوچەی بیابانی رۆژئاوادا نا، ئەمەش لە بەرامبەر ئەوەی مەغریب پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دروست بکات و بچێتە نێو رێککەوتنی ئابراهام.
پلانی ئۆتۆنۆمیی مەغریب دژی بەرەی سەربەخۆخوازیی پۆلیساریۆ بووە، کە لە کەمپەکانی پەنابەران لە باشووری رۆژئاوای جەزائیر دەژین و جێگیر کراون، داوای گشتپرسییەک دەکەن بۆ دیاریکردنی داهاتووی ئەو ناوچەیە کە سەربەخۆیی یەکێک بێت لە بژاردەکان، بەڵام لە بڕیارە نوێیەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا هیچ ئاماژەیەک بۆ گشتپرسییەکی لەو شێوەیە نەکراوە و داوا لە هەموو لایەنەکانیش دەکات لەسەر بنەمای پێشنیازی ئۆتۆنۆمیی ساڵی 2007ی مەغریب دانوستاندن دەستپێبکەن.
مایک واڵتز، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دوای دەنگدانەکە بە ئەنجوومەنەکەی راگەیاند، "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەرفەتێک دروست بکەن بۆئەوەی بێنە سەر مێزی گفتوگۆ و گفتوگۆی جیدی دەستپێبکەن. ئێمە لەو باوەڕەداین ئەم ساڵ ئاشتی لە ناوچەکەدا بەرقەرار بێت و هەموو هەوڵێک دەخەینەگەڕ بۆ ئاسانکاری و پێشڤەچوون."
لە سەرەتای ئەم مانگەدا ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ دانوستاندنەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دەربارەی چارەسەرکردنی پرسی بیابانی رۆژئاوا، بە میدیای ئەمریکای راگەیاندبوو، ئاشتیی نێوان مەغریب و جەزائیر لە ماوەی 60 رۆژی داهاتوودا بەدیدێت.
بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەو پرسە روون و ئاشکرا بوو، "ئۆتۆنۆمیی راستەقینە لەژێر سەروەریی مەغریب دەتوانێت چارەسەرێکی گونجاو بێت."
پلانی ئۆتۆنۆمیی مەغریب، کە یەکەم جار لە ساڵی 2007 پێشکێش کرا، دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەریی بە بیابانی رۆژئاوا دەبەخشێت. لەگەڵ ئەوەشدا، مەغریب کۆنتڕۆڵی کاروباری بەرگری، دەرەوە و ئایینی دەکات.
شا محەممەدی شەشەمی شای مەغریب، لەدوای بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، گوتارێکی تەلەڤیزیۆنیی دا و بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی بە هەنگاوێکی مێژوویی و لاپەڕەیەکی نوێ و سەرکەوتوو لە پرۆسەی دیاریکردنی چارەنووسی بیابانی رۆژئاوا وەسف کرد.
هەروەها شا محەممەد داوای لەو پەنابەرانەی بیابانی رۆژئاوا کرد، کە لە کەمپەکانی جەزائیر دەژین، ئەو بڕیارە ئۆتۆنۆمییە پەسند بکەن و داوای دەستپێکردنی "دیالۆگێکی برایانە"شی لە عەبدولمەجید تەبون، سەرۆکی جەزائیر کرد.
هەر دوابەدوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەزاران مەغریبی رژانە سەر شەقامەکانی ریباتی پایتەخت، ئاڵای وڵاتەکەیان بەرزکردەوە و درووشمی نیشتمانپەروەرییان دەگوتەوە.
هەرچی رۆڵی وڵاتانی عەرەبییە، سعودیە لە چەند ساڵی رابردوودا وەبەرهێنانێکی زۆری لەو ناوچەیە کردووە، بەنداو و رێگەی خێرای 1055 کیلۆمەتری دروستکردووە و هاوکاریی داراییشی بۆ ناوچەکە دابین کردووە.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێس، ئەم پرۆژانە دۆخی بەشێکی زۆری ناوچەکەیان گۆڕیوە، هەرچەندە هێشتا مەغریب مەترسیی هەیە لەو ناوچەیەی بیابانی رۆژئاوا رووبەڕووی ئاڵنگاری ببێتەوە، کە هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی پۆلیسارییەکانە.
لە بەرامبەردا، بەرەی سەربەخۆخوازی پۆلیساریۆ، کە بانگەشەی ئەوە دەکات نوێنەرایەتیی خەڵکی رەسەنی بیابانی رۆژئاوا دەکات، سوورە لەسەر داواکردنی گشتپرسی بۆ مافی چارەی خۆنووسین لەو ناوچەیە کە سەربەخۆیی وەک بژاردەیەک لەخۆبگرێت.
سیدی محەممەد عومەر، نێردراوی پۆلیساریۆ لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئەو بڕیارەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە گوتی، "بڕیارەکەی ئەمڕۆ مانای داننان بە سەروەریی مەغریب بەسەر بیابانی رۆژئاوادا ناگەیێنێت."
ئەو بەرپرسەی سەربەخۆخوازەکان ئاماژەی بەوەش کرد، بزووتنەوەکە بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵدەسەنگێنێت پێش ئەوەی هەڵوێستی فەرمیی خۆی ئاشکرا بکات.
پاشان سەربەخۆخوازەکان لە کەمپی پەنابەران لە جەزائیر خۆپێشاندانیان دەستپێکرد، سەرکۆنەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشیان کرد و بەڵێنیان دا بەردەوام بن لە خەباتیان بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی.
جەزائیر کە پاڵپشتیکاری سەرەکیی بەرەی پۆلیساریۆی سەربەخۆخوازە لە بەرامبەر مەغیرب، رەخنەی تووندی لە بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان گرت.
عەمار بنجامە، باڵیۆزی جەزائیر لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە ئەنجوومەنەکەی راگەیاند، "بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە داهاتووی ئەو ناوچەیە، نابێت هی هیچ کەسێک بێت جگە لەو خەڵکانەی لەژێر دەسەڵاتی داگیرکاریدان."
ئەو گوتیشی، "بڕیارەکە پێشنیازەکانی بەرەی پۆلیساریۆی پشتگوێ خستووە و دەبێت دەنگی ئەوان ببیسترێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ