وەزارەتی کۆچی تورینگن بۆ رووداو: لە 10 مانگدا 58 پەناخواز بۆ عێراق و تورکیا دیپۆرت کراونەتەوە

01-12-2025
کەهی مەحموود
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی داد، کۆچ و پاراستنی بەکاربەرانی هەرێمی تورینگنی ئەڵمانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە 1ـی کانوونی دووەمەوە تاوەکو 31ـی تشرینی یەکەمی 2025، 24 پەناخوازیان بۆ عێراق و 34ی دیکەیان بۆ تورکیا دیپۆرت کردووەتەوە. لەو ماوەیەدا هیچ کۆچبەرێک بۆ ئێران دیپۆرت نەکراوەتەوە.
 
ئۆلیڤەر ویڵ، گوتەبێژی وەزارەتەکە لە وەڵامێکی نووسراودا بە کەهی مەحموود، ئیدیتۆری دیسکی نێودەوڵەتیی رووداو رایگەیاند، تێچووی دیپۆرتکردنەوەی ئەو کۆچبەرانەی داوای مافی پەنابەرێتییان رەتکراوەتەوە یان ئەوانەی بە مەترسیدار دادەنرێن "بە شێوەیەکی گشتی دیاری ناکرێ،" بەڵکو تێچووەکە بەگوێرەی رێگەی گواستنەوە، پێداویستییە ئەمنییەکان و پزیشکییەکان دەگۆڕدرێن.
 
دامودەزگاکانی ئەڵمانیا بڕێک پارە دەدەنە ئەو پەناخوازانەی دیپۆرت دەکرێنەوە و توانای داراییان نییە، ئەوەش بۆ دابینکردنی خۆراک، کرێی رێگە و پێداویستییە سەرەتاییەکان لە کاتی گەیشتنیان. 
 
گوتەبێژەکە بە رووداوی راگەیاند، کەسانی سەروو 12 ساڵ 50 یۆرۆ و کەسانی خوار 12 ساڵیش 25 یۆرۆ وەردەگرن. زۆرترین بڕە پارەش بۆ هەر خێزانێک 150 یۆرۆیە. 
 
وەزارەتەکە ئەوەشی خستەڕوو، لە کاتی پێویست و بەگوێرەی یاسای مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا، هاوکاریی زیادە بۆ گەڕانەوە دەدرێتە پەناخوازان.
 
لە مانگی ئابدا هەرێمی تورینگن کە دەکەوێتە نێوەڕاستی ئەڵمانیا، ناوەندێکی تایبەت بە دەستبەسەرکردنی بۆ دیپۆرتکردنەوە لە شارۆچکەی ئارنستات کردەوە. 
 
ناوەندەکە جێگەی 10 کەسی تێدا دەبێتەوە و دەتوانێ تاوەکو 10 کەس لەوانەی بڕیاری دەرکردنیان بۆ دەرچووە، لەخۆبگرێ. ئەو شوێنە پێشتر بەندیخانە بووە و گۆڕدراوە. 
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و گوتەبێژی وەزارەتی داد، کۆچ و پاراستنی بەکاربەرانی هەرێمی تورینگن:
 
پرسیار: بەشێوەیەکی گشتی تێچووی دیپۆرتکردنەوەی پەناخوازێکی کەیس رەتکراوە یان کەسێکی مەترسیدار و تاوانبار چەندە؟
وەڵام: ئەمە بە شێوەیەکی گشتی دیاری ناکرێ، چونکە تێچووەکە بەپێی دۆخی هەر پرۆسەیەکی گەڕاندنەوە دەگۆڕدرێ. ئەمەش پەیوەستە بە رێگە و ئامرازی گواستنەوە، هەروەها ئەو هەوڵ و تێچووەی بۆ دابینکردنی پاسەوانیی ئەمنی یان چاودێریی پزیشکی پێویستە.
 
رووداو: ژمارەی دیپۆرتکراوەکان بۆ عێراق و تورکیا چەند بووە؟
 
وەڵام: لە 1ـی کانوونی دووەمی 2025 تاوەکو 31ـی تشرینی یەکەمی 2025، کۆی گشتی 24 کەس کە بڕیاری دەرکردنیان بۆ دەرچووە، بۆ عێراق دیپۆرت کراونەتەوە. لە هەمان ماوەدا 34 گەڕاندنەوەی بەزۆر (دیپۆرت) بۆ تورکیا کراون. ئەم ساڵ هیچ دیپۆرتکردنەوەیەک بۆ ئێران نەبووە.
 
رووداو: تێچووی دیپۆرتکردنەوە بۆ عێراق و تورکیا چەند بووە؟
 
وەڵام: وەک لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا ئاماژەی پێدراوە (دیاری ناکرێ).
 
رووداو: ئایا ئەو کەسانەی دیپۆرت دەکرێنەوە هاوکاریی دارایی وەردەگرن؟ ئەگەر بەڵێ، بڕەکەی چەندە؟
 
وەڵام: ئەگەر ئەو کەسانەی دیپۆرت دەکرێنەوە توانای داراییان نەبێ، بڕێک پارەی کاشیان پێدەدرێ بۆ دابینکردنی خەرجییە هەرە پێویستەکانی تەواوکردنی گەشتەکەیان لە وڵاتی ئامانج، بۆ خۆراک و کرێی مانەوە (ئەگەر هەبێت). دواتر کەسانی سەروو 12 ساڵ 50 یۆرۆ بۆ هەر کەسێک و کەسانی خوار 12 ساڵیش 25 یۆرۆیان بۆ دابین دەکرێ. زۆرترین بڕە پارە بۆ خێزانێک 150 یۆرۆیە. فەرمانگەکانی بیانیان خۆیان بڕیار لەسەر پەسندکردن و خەرجکردنی ئەو پارەیە دەدەن. لە هەندێک دۆخدا پۆلیسی فیدراڵی یان فرۆنتێکس بڕیار لەسەر بڕی پارەکە دەدات، کە لێرەدا بە شێوەیەکی گشتی 50 یۆرۆ بۆ هەر کەسێک. جگە لەوەش، بەپێی وڵاتی بنچینە و رەچاوکردنی دۆخی هەر کەسێک، ئەگەر لە رووی یاساییەوە پێویست بێت، هاوکاریی گەڕانەوە بۆ مسۆگەرکردنی ژیان بەپێی مادەی 3ـی پەیماننامەی ئەورووپی بۆ مافەکانی مرۆڤ (EMRK) دەدرێ.
 
لەبارەی ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن بۆ دیپۆرتکردنەوە:
 
رووداو: چەند بنکەی دیپۆرتکردنەوە یان شوێنی مانەوە لە هەرێمەکەتان هەیە؟

 

وەڵام: هەرێمی ئازادی تورینگن لە نێوەڕاستی مانگی ئابی ئەم ساڵەوە خاوەنی بنکەیەکی تایبەت بە خۆیەتی بۆ دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانەی بۆ دیپۆرتکردنەوە ئامادە کراون (AHE)  لە ئارنستات، کە ئێستا توانای لەخۆگرتنی 10 کەسی هەیە.
 
رووداو: چەند دەستبەسەرکراوی دیپۆرتکراو لەوێ دەمێننەوە؟
 
وەڵام: بە لەبەرچاوگرتنی زۆرترین توانای ئێستای بنکەکە، دەکرێ تاوەکو 10 کەس کە بڕیاری دەرکردنیان بۆ دەرچووە، لە هەمان کاتدا لە ناوەندی ئارنستات (AHE) بهێڵدرێنەوە.
 
رووداو: تێچووی دروستکردنی بنکەیەکی لەو شێوەیە چەند بووە؟
 
وەڵام: توانراوە سوود لە بەندیخانەیەک وەربگیرێ و بەو پێیە نۆژەن بکرێتەوە. ئەو تێچووانەی تاوەکو ئێستا بۆ نۆژەنکردنەوە و بەڕێوەبردنی بنکەی دەستبەسەرکردنی تایبەت بە دیپۆرتکردنەوە (AHE) لە ئارنستات کراون، دوای تەواوکردنی ژمێریاریی دارایی کۆتایی ساڵ دیاری دەکرێن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.