رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی لافاو و داتەپینی بەرزایی لە چەند ناوچەیەکی ئاسیا گیانیان لەدەستداوە، هەزار کەسی تێپەڕاند. لە ئیندۆنیزیا لانیکەم 593 کەس، لە سریلانکا 340 کەس، لە تایلاند 176 کەس و لە مالیزیا 2 کەس گیانیان لەدەستداوە. دەیان کەسی دیکە بێسەروشوێنن.
سریلانکا و ئیندۆنیزیا زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و سوپایان بۆ بەهاناوەچوونی رزگاربووان جووڵاندووە.
هەفتەی رابردوو شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین سەرتاسەری سریلانکا، بەشێکی گەورەی دوورگەی سوماترا لە ئیندۆنیزیا، باشووری تایلاند و باکووری مالیزیای گرتەوە.
زۆربەی ناوچەکە ئێستا لە وەرزی بارانباریندایە، بەڵام گۆڕانی کەشوهەوا رووداوەکانی بارانبارینی بەخوڕ و زریانەکانی بەهێزتر کردووە.
بارانی بەردەوام وایکردووە دانیشتووانی ناوچەکان بچنە سەربانی خانووەکانیان و چاوەڕێی بەلەم یان هێلیکۆپتەر بکەن بۆ رزگارکردنیان، هەروەها رێگەی گەیشتنی هاوکاری بە تەواوی گوندەکان بڕدراوە.
رۆژی دووشەممە پرابۆو سوبیانتۆ، سەرۆکی ئیندۆنیزیا گەیشتە باکووری سوماترا و رایگەیاند: "بەهیوای ئەوەی خراپترین دۆخ تێپەڕیبێت."
سەرۆکی ئیندۆنیزیا گوتیشی، ئێستا کاری لەپێشینەی حکومەت ئەوەیە چۆن بەپەلە هاوکاریی پێویست بنێرێ، بەتایبەتی بۆ ئەو ناوچانەی رێگەیان لێ بڕدراوە.
لە ئیندۆنیزیا بەهۆی لافاو و داتەپینی بەرزاییەوە لانیکەم 593 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 468 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن. بەوهۆیەوە گوشارەکان لەسەر سەرۆک زیاتر بوون بۆ ئەوەی باری لەناکاو رابگەیێنێت. بەپێچەوانەی هاوتا سریلانکییەکەیەوە، سەرۆکی ئیندۆنیزیا بە ئاشکرا داوای هاوکاریی نێودەوڵەتی نەکردووە.
ئەمە کوشندەترین کارەساتی سرووشتییە لە ئیندۆنیزیا لە دوای بوومەلەرزە و سوونامییەکەی ساڵی 2018ی دوورگەی سولاوسی کە زیاتر لە 2 هەزار کەس تێیدا گیانیان لەدەستدا. حکومەت سێ کەشتیی جەنگیی هەڵگری هاوکاری و دوو کەشتیی نەخۆشخانەی رەوانەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان کردووە.
لە ناوەندێکی رزگارکردن لە باکووری ئاچێ، میسباحول مونیر، گەنجێکی تەمەن 28 ساڵ باسی لەوە کرد، چۆن بەنێو ئاوێکدا رۆیشتووە کە گەیشتووەتە نزیک ملی بۆ ئەوەی بگاتەوە لای دایک و باوکی.
ئەو گەنجە گوتی: "هەموو شتێک لە ماڵەکەم وێران بوو، چونکە ژێرئاو کەوت." ئەو هاووڵاتییە لەکاتێکدا فرمێسک بە چاوەکانیدا دەهاتە خوارەوە، گوتی: "تەنیا ئەم جلوبەرگەم هەیە کە لەبەرمە. لە شوێنەکانی دیکە خەڵکێکی زۆر گیانیان لەدەستداوە. سوپاسگوزارین کە ئێمە ساخ و سەلامەتین."
سریلانکا داوای هاوکاری دەکات
لە سریلانکا حکومەت داوای هاوکاریی نێودەوڵەتی کردووە و هێلیکۆپتەری سەربازی بەکارهێناوە بۆ گەیشتن بەو کەسانەی بەهۆی لافاو و هەرەسهێنانەوە گەمارۆدراون کە بەهۆی "زریانی دیتوا"ـوە دروستبووە.
بەرپرسانی سریلانکا رۆژی دووشەممە رایانگەیاند، لانیکەم 340 کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆریش بێسەروشوێنن.
لە کۆڵۆمبۆی پایتەخت شەوی رابردوو ئاو گەیشتە بەرزترین ئاست، بەڵام بەهۆی وەستانی بارانەوە، هیوا هەیە ئاوەکە دەست بە نزمبوونەوە بکات و هەندێک دووکان و نووسینگە دەستیان بە کرانەوە کردووە.
لافاوەکە بۆ بەشێک لە دانیشتووانی دەوروبەری کۆڵۆمبۆ لەناکاو بوو. دینوشا سانجایا کە کاری گەیاندن دەکات، گوتی: "هەموو ساڵێک تووشی لافاوی بچووک دەبین، بەڵام ئەمەیان جیاوازە. تەنیا بڕی ئاوەکە نەبوو، بەڵکو خێرایی نقوومبوونی هەموو شتێک بوو."
ئەنورا کومارا، سەرۆکی سریلانکا کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کارەساتەکە باری لەناکاوی راگەیاندووە، لافاوەکەی بە "گەورەترین و پڕ ئاڵنگاریترین کارەساتی سرووشتی لە مێژووی وڵاتەکەدا" ناوبرد.
زیانەکان لە سریلانکا بە خراپترین دادەنرێن لە دوای سوونامییەکەی ساڵی 2004ـی ئاسیا کە تێیدا نزیکەی 31 هەزار کەس لەو وڵاتە گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ملیۆنێک کەس بێماڵ و حاڵ بوون.
تووڕەیی لە تایلاند
نیوەڕۆی یەکشەممە بارانبارین لە سریلانکا کەم بووەوە، بەڵام ناوچە نزمەکانی پایتەخت ژێرئاو کەوتبوون. هێلیکۆپتەرە سەربازییەکان بۆ گواستنەوەی دانیشتووان و گەیاندنی خۆراک بەکاردەهێندرێن، ئەگەرچی ئێوارەی یەکشەممە یەکێکیان لە باکووری کۆڵۆمبۆ تێکشکا.
زۆربەی وڵاتانی ئاسیا لە وەرزی بارانبارینی ساڵانەدان، بەڵام ئەو لافاوەی لە ئیندۆنیزیا، تایلاند و مالیزیا دروستبووە، بەهۆی زریانێکی دەگمەنەوە بوو کە بارانێکی زۆری لەگەڵ بوو.
دەسەڵاتداران رۆژی دووشەممە رایانگەیاند، لە باشووری تایلەند لافاو بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 176 کەس، کە یەکێکە لە کوشندەترین رووداوەکانی لافاو لە دەیەی رابردوودا لەو وڵاتە.
حکومەت رێوشوێنی بەهاناوەچوونی گرتووەتەبەر، بەڵام رەخنەی خەڵک لە شێوازی وەڵامدانەوەی حکومەت بۆ لافاوەکە رووی لە زیادبوونە و دوو بەرپرسی ناوخۆیی "بەهۆی کەمتەرخەمی"یەوە لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە.
لە دیوی مالیزیاشەوە، بارانبارینی بەهێز بەشێکی زۆری زەوییەکانی هەرێمی پێرلیسی گرتەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ