رووداو دیجیتاڵ
بوومەلەرزەکەی ژاپۆن کە کاژێر 10:10 خولەکی بەیانیی رۆژی دووشەممە بە کاتی هەولێر روویدا، بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر بوو، کە چەقەکەی شاری ناناو-ی پارێزگای ئیشیکاوا بووە.
ئاژانسی رووپێویی جیۆلۆجیی ئەمریکا دەڵێت، بوومەلەرزەکە بە گوڕی 7.5 پلە بووە بە پێوەری رێختەر، هەندێک سەرچاوەی دیکە بە 7.6 پلە تۆماریان کردووە.
فومیۆ کیشیدا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن رایگەیاند، "حکومەت دەستبەجێ نووسینگەیەکی وەڵامدانەوەی کارەساتی راگەیاند و ئێمە سێ رێنوێنیمان بڵاوکردەوە، یەکەمیان ئەوەیە کە رێنوێنیی دروست دەربارەی تسونامی بە خەڵک بگەیێندرێت؛ دووەمیان ئەوەیە کە بە زووترین کات لە قەبارەی زەرەر و زیانەکان تێبگەین و سێیەمیشیان، حکومەت دەبێت لەگەڵ دامەزراوە خۆجێییەکان ژیانی خەڵکی لەپێش هەموو شتێکەوە دابنێت."
هەر زوو دوای بوومەلەرزەکە، ئاژانسی کەشناسیی وڵاتەکەش هۆشداریی لە روودانی تسوونامی دا، لە هەندێک شوێن شەپۆلەکان 5 مەتر بەرز بوونەوە.
حکومەتی ژاپۆن داوای لە 100 هەزار دانیشتووی نزیک لە کەناراوەکان کردووە، کە لە ناوچەکانیان دووربکەونەوە. بوومەلەرزەکە بووە هۆی ئەوەی 32 هەزار و 500 ماڵ بێ کارەبا ببن.
حکومەتی ژاپۆن داوای لە سوپای وڵاتەکەی کرد، شانبەشانی هێزەکانی بەرگریی شارستانی بەشداری لە گواستنەوەی خەڵک بکەن.
تۆشیهیرۆ شیمۆیاما، بەرپرسی زانیاریی بوومەلەرزە لە دەزگای کەشناسیی ژاپۆن رایگەیاند، "هۆشدارییەکی گەورەمان دەربارەی بوومەلەرزە بە خەڵکی پارێزگاکانی نۆتۆ و ئیشیکاوا داوە. ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی تسوونامی دەکەین. داوا لە دانیشتووانی نزیک لە کەناراوەکان دەکەین دەستبەجێ شوێنەکانیان چۆڵ بکەن."
پڕ قوربانیترین بوومەلەرزە، تاوەکو ئێستا لە ژاپۆن روویدابێت، ساڵی 2011 بوو، کە 9 پلە بوو بە رێختەر و لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەی دا، بوومەلەرزەکە تسۆنامیی بەدوادا هات و بەهۆیەوە 17 هەزار و 759 کەس گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ