جیهان
تیمێکی ئاگرکوژێنەوە لە کیێڤ ئاگری باڵەخانەیەک دەکوژێننەوە کە بەهۆی بۆردوومانی رووسیاوە کەوتووەتەوە. وێنە: Genya SAVILOV / AFP
رووداو دیجیتاڵ
رووسیا دوو شاری هەرە گەورەی ئۆکراینای مووشەکباران کرد، کە بووە هۆی کوژرانی چوار کەس و برینداربوونی نزیکەی 70 کەسی دیکە و بڕانی کارەبای 250 هەزار کەس لە پایتەختی ئەو وڵاتە. سوپای ئۆکراینا دەڵێت، لە کۆی 99 مووشەک کە رووسیا ئاراستەی ئۆکراینای کردبوون، 72یان خستوونەتە خوارەوە. وەزارەتی بەرگریی رووسیاش دەڵێت، "هەموو" ئەو شوێنانەی ئامانجیان بوون، لەنێوبردوون.
هێرشەکانی سەر کیێڤی پایتەخت و خارکیێڤی باکووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، کەمتر لە 24 کاژێر دوای ئەوە هاتن کە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا گوتی، هێرشەکانیان چڕتر دەکەنەوە.
ڤیتاڵی کلیچکۆ، سەرۆکشارەوانیی کیێڤ رایگەیاند، "ژنێکی بەتەمەن کە لە باڵەخانەیەکی ناوچەی سۆلۆمیانسکی بریندار ببوو، لە ئەمبوڵانسدا گیانی لەدەستدا. 27 برینداریش گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە."
ئیگۆر کلیمێنکۆ، وەزیری نێوخۆی ئۆکراینا رایگەیاند، دوو کەسی دیکە لە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کیێڤ کوژراون.
کۆمپانیای نیشتمانیی وزەی ئۆکراینا رایگەیاند، 250 هەزار کەس لە کیێڤ و دەوروبەری، بەهۆی هێرشەکانەوە، کارەبایان بڕاوە، لە کاتێکدا کە پلەی گەرما لەو ناوچانە 3 پلەی سیلیزی بوو.
ئۆلێگ سینێگوبۆڤ، پارێزگاری خارکیڤ رایگەیاند، ژنێک لەو هێرشانەی رۆژی سێشەممەدا کوژراوە. ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا هێرشەکانی بە "تیرۆری رووسیا" ناوبردن.
ڤالێری زالوژنی، سوپاسالاری ئۆکراینا رایگەیاند، "دووژمن 99 مووشەکی جۆراوجۆری بەکارهێنا، هێزی بەرگریی ئاسمانیی 72ی لەنێوبردن."
هاوکات وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، هەموو ئامانجەکانیان لەنێوبردووە، کە بە گوتەی خۆی "شوێنی پیشەسازیی سەربازی" بوون. وەزارەتەکە دەڵێت، "سوپای رووسیا بە چەکی دوورمەودای وردپێکەر و درۆن، کۆمەڵێک هێرشی کرد."
وەزارەتەکە هەروەها باسی لەوە کرد، "ئامانجەکانی ئەو هێرشانە بەدەستهێندران. هەموو ئامانجەکان لەنێوبران." بەرپرسانی کیێڤ رایانگەیاند، هێرشە مووشەکییەکە بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە سوپەرمارکێتێک و ژمارەیەک خانوو.
هەروەها لە خارکیێڤ زیاتر لە 40 کەس برینداربوون و زیان بەر ژمارەیەک باڵەخانە کەوتووە، ئەمەش وەکو پارێزگاری شارەکە باسی کردووە. هێزی ئاسمانیی ئۆکرایناش دەڵێت، رووسیا مووشەکی کینجالی لە هێرشەکەدا بەکارهێناوە.
بەهۆی زیادبوونی نیگەرانییەکانی، پۆڵەندا رۆژی سێشەممە بۆ پاراستی ئاسمانەکەی، بەپەلە چوار فڕۆکەی ئێف 16ی لە نزیک سنووری نێوان خۆی و ئۆکراینا جێگیر کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ