لۆید ئۆستن: سەرۆک بڕیاریداوە هەنگاوی زیاتر بنرێت

03-02-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، دەیان پێگەی گرنگی سوپای پاسداران و گرووپەکانی سەر بەوانیان کردووەتە ئامانج و چاوپۆشیی لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا ناکەن.
 
بەرەبەیانی شەممە، 3-2-2024، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەبارەی دوایین هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر سووریا و عێراق رایگەیاند، "ئەو هێرشانە لەدوای کوژرانی سێ سەربازمان بە فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا کران و زیاتر لە 85 شوێنمان کردە ئامانج کە سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپەکانی نزیک لێی لە دژی ئەمریکا بەکاریان هێنابوو."
 
شەوی هەینی 2-2-2024، سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا رایانگەیاند، ناوچەکانی ئەلبوکەمال و مەیادین لە پارێزگەی دێرەزوور بۆردوومان دەکرێن کە بەوە ناسراون، گرووپی چەکداری نزیک لە ئێرانی تێدان.
 
لۆید ئۆستن رایگەیاند، "ئەمە سەرەتای وەڵامی ئێمەیە و سەرۆک بڕیاریداوە هەنگاوی زیاتر بنرێت بۆ ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپەکانی سەر بە ئەوان رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکرێنەوە لەسەر ئەو هێرشانەی کردیانە سەر ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان."
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاش لە راگەیێندراوێک گوتی، "ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست یان هیچ شوێنێکی دیکەی جیهان بە دوای ململانێیەوە نییە، بەڵام هەموو ئەوانەی هەوڵدەدەن زیانمان پێ بگەیێنن با بزانن، ئەگەر زیان بە ئەمریکییەک بگەیێنن، وەڵاممان دەبێت."
 
وەزیرەکەی ئەمریکا لە کۆتایی راگەیێندراوەکەی دەڵێت، "چاوپۆشیی لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا ناکەین و هەموو هەنگاوێک دەنێین بۆ پاراستنی ئەمریکا، هێزەکانمان و بەرژەوەندییەکانمان."
 
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا ئاماژەیان بەوەکردووە کە دوو بنکەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە ناوچەی مەیادین بۆردوومان کراون و تا ئێستا شەش کەس کوژراون کە سێ کەسیان سووریایی نین.
 
تا ئێستا ئەمریکا هیچ راگەیێندراوێکی لەسەر ئاماری کوژران و برینداربوون نەبووە.
 
رۆژی 28-1-2024 درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە بنکەی تاوەر22 لە ئوردن هێزێکی ئەمریکی کردە ئامانج و لە ئەنجامدا سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و 41ـی دیکەش برینداربوون.
 
دوای سێ رۆژ ئەمریکا رایگەیاند، "گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ئەم هێرشەیان کردووە و وەڵاممان بۆیان دەبێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە