رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی داواکاری گشتیی ئەمریکا لە ویلایەتی نیویۆرک رایگەیاند، کارمەندێکی پێشووی سی ئای ئەی بەتۆمەتی دزەپێکردنی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، بە 40 ساڵ زیندانیکردن سزادرا.
جۆشوا شۆڵتێ، کە پێشتر کارمەندی دەزگای سی ئای ئەی بووە، بەوە تۆمەتبار کراوە، لە ساڵی 2016 چەند داتا و زانیارییەکی رادەستی ماڵپەڕی ویکیلیکس کردووە.
ئەو پێشتر لە تشرینی یەکەمی 2016 وازی لە کارەکەی هێنابوو، بەڵام لە ئاداری 2017 ماڵپەری ویکیلیکس بەشێک لەو داتا و زانیاریانەی بڵاوکردەوە، کە لە نێو کۆمپیوتەرەکەی جۆشوادا بوون و لای ئەو پارێزراو بوون.
جۆشوای تەمەن 35 ساڵ، لە ساڵی 2017 بە فەرمانی دادگەی مانهاتن دەستگیرکراوە. بەگوتەی بەرپرسانی نووسینگەی داواکاری گشتیی ئەمریکا، جۆشوا لە ساڵی 2018 کاتێک کە لە زیندان بووە و هێشتا تۆمەتەکەی بەسەردا ساخ نەببووەوە، لە زانیاریدان بە ماڵپەرەکە بەردەوام بووە.
بەگوێرەی نووسینگەی داواکاری گشتیی ئەمریکا لە نیویۆرک، "جۆشوا لە ساڵی 2022 تۆمەتی کۆکردنەوە و گواستنەوەی زانیاری بەرگری نیشتیمانی بەشێوەیەکی نایاسایی ئاراستە کراوە، ئەو لە ساڵی 2023ـیش تۆمەتی وەرگرتن و هەڵگرتن و گواستنەوەی پۆرنۆگرافیی منداڵانی ئاراستە کراوە و تۆمەتەکانی بەسەردا ساخبووەتەوە".
نووسینگەی داواکاری گشتیی ئەمریکا دەشڵێت: "جۆشوا وەکو ئەندازیاری کۆمپیوتەر لە نێوەندی هەواڵگری ئەلیکترۆنی سی ئای ئەی کاری کردبوو، ئامرازێکی ئەلیکترۆنی دروستکردبوو، کە دەیتوانی داتاکان لەنێو کۆمپیوتەرەکەیدا بۆ کۆمپیوتەرێکی دیکە بگوازێتەوە بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکرێت".
داواکارانی گشتیی ئەمریکا کارەکانی جۆشوایان بە "گەورەترین پێشێلکاری زانیاری لە مێژووی سی ئای ئەی" ناساندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ