جیهان
کەشتی جەنگیی ئەمریکی USS Carney کە لە دەریای سوور لە کاردایە و بەرپەرچی هێرشەکان دەداتەوە. وێنە: US Navy
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا- سێنتکۆم دەڵێت، هێرشیان کردووەتە سەر مووشەکێکی ئامادەکراو و تێکیان شکاندووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، حووسییەکان مووشەکێکی بالیستییان تەقاندووە، بەڵام هیچ زیانی نەبووە.
رۆژی شەممە، 02-03-2024، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا- سێنتکۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "لە 01-03-2024، نزیک کاژێر 12:40 خولەکی دوای نیوەڕۆ بە کاتی سەنعا [هەمان کاتی هەولێر] هێزەکانی سێنتکۆم هێرشیان کردە سەر مووشەکێکی حووسییەکان و تێکیان شکاند".
سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشەکە خۆپارێزیی بووە و "ئەو مووشەکەی تێکشکێندراوە بۆ تەقاندن بە ئاراستەی دەریای سوور ئامادەکرابوو".
ئەو فەرماندەییە دەڵێت، هێزەکانیان ئەو مووشەکەیان دەستنیشانکردووە و بە "هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ سەر فڕۆکەکانی ئەمریکا لەو ناوچەیە دایانناوە".
لە درێژەی راگەیێندراوەکەی سێنتکۆمدا هاتووە، هەمان رۆژ "کاژێر 10:46ـی شەو بە کاتی سەنعا، حووسییەکان مووشەکێکی بالیستیی دژە کەشتییان لە یەمەنەوە ئاراستەی دەریای سوور کرد کە هیچ کاریگەرییەکی نەخستە سەر هیچ کەشتییەک و بێ زیان بوو".
زیاتر لە چوار مانگە حووسییەکانی یەمەن، زنجیرە هێرشێکیان بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور دەستپێکردووە.
حووسییەکان کە خۆیان بە "هاوسۆزی گەلی فەلەستین" ناودەبەن، دەڵێن، "هێرش دەکەینە سەر کەشتییەکانی ئیسرائیل یان ئەو کەشتییانەی پەیوەندییان بەوانەوە هەبێت".
دوای ئەوەی ئەمریکا و بەریتانیا لە ئاست هێرشەکانیان بێدەنگ نەبوون و چوار هێرشی هاوبەشیان کردە سەریان، حووسییەکان رایانگەیاند، "بەرژەوەندیی ئەمریکی و بەریتانییەکان ئامانجی ئێمەیە".
ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی هێرش و زیانەکانی حووسییەکان، هاوپەیمانێتییەکی بە هاوبەشیی چەند وڵاتێک بۆ پاراستنی دەریای سوور راگەیاندووە لەوانەش بەریتانیا، بەحرێن، کەنەدا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، نەرویج، سیشێڵز، یۆنان و ئیسپانیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ