جیهان
دیمەنی سەر رووی مانگ لە لایەن بلوو گۆستەوە گیراوە و زەوی (خاڵە شینە کاڵەکە) لە دوورەوە دیارە. وێنە: Firefly Aerospace
رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا، کۆمپانیایەکی تایبەت توانی سەرکەوتووانە کەشتییەک لەسەر مانگ بنیشێنێتەوە.
یەکەمین وێنەی کەشتییەکە، کە لەسەر رووی مانگ گیراوە، گەیشتەوە بە زەوی. ئەو بازنە شینە بچووکەی دەیبینن، هەسارەکەمانە.
کەشتییەکە بە ناوی بلوو گۆست و لە لایەن کۆمپانیای ئەمریکیی فایرفڵای ئەیرۆسپەیسەوە هەڵدراوە.
نیشتنەوەی کەشتییەکە لەسەر مانگ بە رووداوێکی مێژووی لە بواری بۆشاییگەریی کۆمپانیا تایبەتەکاندا دادەنرێت.
کەشتییەکە کاژیر 11:34 خوولەکی بەیانیی رۆژی یەکشەممە بە کاتی هەولێر لەسەر رووی مانگ نیشتەوە.
کەشتییەکە 10 ئامرازی پشكنین و لێکۆڵینەوەی بۆ ناسا گواستووەتەوە سەر مانگ کە ئامانج لێی پشكنینی رێژەی تیشکدانەوە، کۆکردنەوەی نموونەکان و داتای بەنرخە بۆ ئەو کەشتیانەی لە داهاتوودا دەنێردرێنە سەر مانگ.
وێنەی کەشتییەکە نیشانیدەدەن، زەوی لە ئاسمانی مانگدا دەدرەوشێتەوە. وێنەکان بوونە هۆی دڵخۆشی بەرپرسانی ناسا و هۆگرانی بۆشاییگەری لە سەرانسەری جیهان.
گەیشتنی بلوو گۆست بە مانگ، پێویستی بە پلانی ورد و ئاڵۆز بوو. لە بەرزایی 62 میلەوە لە ئاسمانی مانگەوە بەرەو رووەکەی نزمبووەوە و ژمارەیەک جووڵەی بۆدیاریکراوی کردن تاوەکو بە نەرمی و سەلامەتی لە ناوچەی ماری کرسیۆم بنیشێتەوە، کە ناوچەیەکی گڕکانیی خامۆشبووە لە دیوە نزیکەکەی مانگ.
بڕیارە کەشتییەکە 14 رۆژی خۆمان لەسەر مانگ بمێنێتەوە و وێنەی ئاستبەرز بگرێت، لە نێویاندا وێنەی خۆرگیرانەکەی 14ی ئەم مانگە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ