رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی چیلی هۆشداری لە روودانی تسونامی لە کەناراوەکانی باشووری وڵاتەکەیان دەدەن، ئەوەش دوای روودانی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.5 پلە بە پێوەری رێختەر.
رۆژی هەینی 2ی ئایاری 2025 گابرێل بۆریک، سەرۆکی چیلی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "داوای چۆڵکردنی کەناراوەکانی ناوچەی ماگایانێس دەکەین."
ماگایانێس هەرێمێکی چیلییە و کەوتووەتە باشووری ئەو وڵاتە؛ نزیکەی 165 هەزار کەس لەو هەرێمەدا دەژین.
ئەو نووسینەی سەرۆکی چیلی دوای هەوە هات کە ئەمڕۆ ئاژانسی نیشتمانی بۆ رێگری لە کارەسات و بەهاناوەچوونی چیلی بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.5 پلەی رێختەر لە سنووری ئاویی نێوان باشووری چیلی و باکووری ئەنتارکتیکای داوە.
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی چیلی هیچیان لەبارەی زیانەکانی ئەو بوومەلەرزەیە بڵاونەکردووەتەوە.
بەرپرسانی کەشناسیی ئەمریکا دەڵێن، ئەگەر تسونامی رووبدات، کاریگەری لەسەر باشووری ئەرجەنتینیش دەبێت. بەرپرسانی ئەرجەنتینیش فەرمانی چۆڵکردنی چەند ناوچەیەکیان لە باشووری وڵاتەکەیان داوە.
چیلی لە ئەمریکای لاتینە و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 19 ملیۆن و 660 هەزار کەسە. باشووری چیلی و باکووری ئەنتارکتیکا دوو هەزار و 500 کیلۆمەتر لەیەکەوە دوورن. ئەو نێوەندە ناوی رێڕەوی دراکە.
ساڵی 2010 بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 8.8 پلەی رێختەر لە کەناراوەکانی چیلی دا و بووە هۆی دروستبوونی تسونامی و لە ئەنجامدا 50 کەس گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ