رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی رووسیا سەبارەت بە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران رایگەیاند، مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە و ئەو بارودۆخەی ئێستا هەیە "گاڵتەجاڕی" نییە. دەشڵێت، جەنگەکە کاریگەری "زۆر تووندی" بۆ ماوەیەکی درێژ دەبێت.
رۆژی شەممە 21ی ئاداری 2026، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی سەبارەت بە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران رایگەیاند، "مێژوو لە شێوەی گاڵتەجاڕیدا دووبارە دەبێتەوە. دەتوانیت بە رێگەی جیاواز وەریگریت، بەڵام بارودۆخی ئێستا جدییە و زۆر دوورە لەوەی گاڵتەجاڕی بێت"؛ دەشڵێت، "لێکەوتەکانی ئەوەی هاوکارە ئەمریکییەکانمان ئەنجامی دەدەن، لەم حاڵەتەدا لەگەڵ ئیسرائیلییەکان، کاریگەری تووندی دەبێت و بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام دەبن."
رۆژی 28ی شوبات ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەی، ئێران هێرشیکردووەتە سەر حەوت وڵاتی کەنداو و لە رۆژی دووەمی جەنگەکەشەوە تەنگەی هورمزی داخستووە.
وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوەش کرد، بەرپرسانی ئەمریکا "ئامادەن بە هەر رێگەیەک بێت بەرگری لە خۆشگوزەرانییەکەیان بکەن، چ بە کودەتا، چ بە کوشتنی سەرکردەی ئەو وڵاتانەی سەرچاوە سروشتییەکانیان هەیە کە ئەمریکییەکان پێویستیانە، یان بە رفاندن، وەک ئەوەی ڤەنزوێلا و ئێران. هاوکارە ئەمریکییەکانمان ناشارنەوە کە ئەمە نەوتە."
رۆژی 3ی کانوونی دووەمی 2026، ئەمریکا هێرشیکردە سەر ڤەنزوێلا و نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ئەو وڵاتە و خێزانەکەی دەستگیرکرد. دواتر، ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمریکی بۆ کارکردن لە کەرتی نەوتی ئەو وڵاتە روویان تێکرد. ڤەنزوێلا خاوەن گەورەترین یەدەگی نەوتە لە جیهاندا.
لە دوای دەستپێکی جەنگی ئێرانەوە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بەرزبووەتەوە. لەو ماوەیەدا نرخەکەی لە نێوان 72 دۆلار بۆ 118 دۆلار دابووە.
ئەمریکا ژمارەیەک رێکاری گرتووەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا. لەوانە هەڵگرتنی گەمارۆ لەسەر نەوتی رووسیا بۆ 30 رۆژ و رێگەدان بە گەیشتنی نەوتی ئێران بە بازاڕەکانی جیهاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ