راپۆرتیک: تیمی ترەمپ ئامادەکاری بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک سەرچاوە بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکیان راگەیاند، پاش سێ هەفتە لە جەنگ، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستی کردووە بە گفتوگۆیەکی بەرایی لەسەر قۆناخی داهاتوو و شێوازی گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ ئێران.
 
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە جارید کۆشنەر، راوێژکار و زاوای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەشدارن لە داڕشتنی بنەماکانی دیپلۆماسی بۆ کۆتاییهێنان بەم ململانێیە.
 
بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسێکی ئەمریکی، هەرچەندە ترەمپ رۆژی هەینی ئاماژەی بەوە کردووە کە بیر لە "کەمکردنەوەی" تووندی جەنگ دەکاتەوە، بەڵام بەرپرسانی واشنتن هێشتا چاوەڕوانی ئەوە دەکەن کە دوو بۆ سێ هەفتەی دیکەی جەنگ لە ئارادا بێت.
 
بە گوێرەی ئەو سەرچاوانە، هەر رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، دەبێت کردنەوەی تەنگەی هورمز، چارەنووسی یۆرانیۆمی پیتێنراو و رێککەوتنێکی درێژخایەن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکی و بریکارەکانی ئێران لە ناوچەکە بگرێتەوە.
 
لە کاتێکدا پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەنێوان واشنتن و تاران نییە، بەڵام میسر، قەتەر و بەریتانیا خەریکی گەیاندنی پەیامن لەنێوانیاندا. تاران رایگەیاندووە کە ئارەزووی دانوستان دەکات، بەڵام مەرجی قورسی هەیە، لەوانە: ئاگربەست، گەرەنتی بۆ دووبارە نەبوونەوەی جەنگ لە داهاتوودا و وەرگرتنی قەرەبوو.
 
بەپێی راپۆرتەکان، واشنتن دەیەوێت ئێران شەش پابەندبوون جێبەجێ بکات: راگرتنی بەرنامەی مووشەکی بۆ پێنج ساڵ، سفرکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم، لەکارخستنی رێئاکتەرەکانی نەتەنز و ئەسفەهان و فۆردۆ، چاودێرییەکی تووندی نێودەوڵەتی، سنووردارکردنی ژمارەی مووشەکەکان بۆ هەزار دانە و راگرتنی هاوکارییە داراییەکان بۆ حیزبوڵڵا، حووسییەکان و حەماس.
 
سەبارەت بە هەڵوێستی ترەمپ، ئەو رۆژی هەینی رایگەیاند کە دژی گفتوگۆ نییە، بەڵام لەم ساتەدا ئامادە نییە داواکارییەکانی ئێران بۆ ئاگربەست یان قەرەبووکردنەوە جێبەجێ بکات. هەروەها ئیدارەی ترەمپ بەدوای نێوەندگیرێکی نوێدا دەگەڕێت و قەتەریان پێ باشترە لە عومان بۆ بەڕێوەبردنی ئەم پڕۆسەیە.
 
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەی، تاران هێرشیکردووەتە سەر وڵاتانی کەنداو و لە رۆژی دووەمی جەنگەکەشەوە تەنگەی هورمزی داخستوووە. ئەمڕۆش، میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە، ئێران هێرشیکردووەتە سەر دوورگەی دیێگۆ گارسیا، کە دوورگەیەکە لە زەریای هێمن و نزیکەی چوار هەزار کیلۆمەتر لە سنووری ئێرانەوە دوورە کە هەمان دووری لەندەنە لە ئێرانەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یڤیت کۆپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: بەشداری هێرشمان بۆ سەر ئێران نەکردووە و نایکەین

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک بەشداری لە هێرشەکان بۆ سەر ئێران نەکردووە و نایشیانەوێت پەلکێشی ناو جەنگێکی فراوانتر ببن؛ جەختیشی کردەوە کە بەریتانیا تەنیا پشتگیری لە هەنگاوە بەرگرییەکان دەکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و ئاسایشی کەشتیوانی نێودەوڵەتی.