پەکین سزاکانی ئەمریکا لەسەر پاڵاوگەکانی نەوتی ئێران رەتدەکاتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بازرگانیی چین رایگەیاند، وڵاتەکەی پابەندی سزاکانی ئەمریکا نابێت کە بەهۆی کڕینی نەوتی ئێرانەوە، پێنج کۆمپانیای چینی کردووەتە ئامانج.
 
چین کڕیارێکی سەرەکیی نەوتی ئێرانە، بەتایبەت لەڕێگەی پاڵاوگە سەربەخۆکان کە بە پاڵاوگە بچووکەکان (teapot) دەناسرێن و پشت بەو نەوتە خاوە دەبەستن کە تاران بە داشکاندنەوە دەیانفرۆشێت. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی تاران، سزاکانی بۆ سەر ئەو جۆرە پاڵاوگانە چڕتر کردووەتەوە.
 
رۆژی شەممە، 02ـی ئایاری 2026، وەزارەتی بازرگانیی چین لە فەرمانێکدا سەبارەت بەو سزایانەی لە پارەوە بە جیا رادەگەیێندرێن، ئاماژەی بەوە کرد، رێکارەکانی ئەمریکا "نابێت دانیان پێدا بنرێت، جێبەجێ بکرێن یان پابەندییان هەبێت." 
 
وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتیشی: "ئەم سزایانە بە نادروستی رێگری لە کۆمپانیا چینییەکان دەکەن لە کردنی چالاکییە ئابووری و بازرگانییەکانیان لەگەڵ لایەنی سێیەم، هەروەها یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەما سەرەکییەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکەن."
 
حکومەتی چین رایگەیاند، "بەردەوام دژی سزای تاکلایەنە وەستاوەتەوە کە مۆڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکانیان نییە و هیچ بنەمایەکیان لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا نییە."
 
ئەم فەرمانەی وەزارەتی بازرگانی سێ کۆمپانیا لە پارێزگای شاندۆنگ دەگرێتەوە کە بریتین لە: (گرووپی شاندۆنگ جینچێنگ، شاندۆنگ شۆگوانگ لوکینگ و شاندۆنگ شێنگسینگ)؛ لەگەڵ دوو کۆمپانیای دیکە کە بنکەکانیان لە ناوچەکانی دیکەی چینە، ئەوانیش: (پاڵاوگەی هێنگلی لە دالیان و گرووپی کیمیایی هێبی شینهای).
 
رۆژی هەینی واشنتن سزای بەسەر کۆمپانیایەکی دیکەی چینیدا سەپاند و رایگەیاند، ئەو کۆمپانیایە "دەیان ملیۆن بەرمیل" نەوتی خاوی ئێرانی هاوردە کردووە و ملیارەها دۆلار داهاتی بۆ تاران دەستەبەر کردووە. ئەو کۆمپانیایەش ناوی (کۆمپانیای چینگداو های یێـیە (Qingdao Haiye)، بەڵام لە فەرمانەکەی وەزارەتی بازرگانیی چیندا ناوی نەهێنراوە.
 
ئەم سزایانەی دوایی لە کاتێکدا دێن کە واشنتن و تاران لە بنبەستێکی دیپلۆماسیدان و هیچ چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ ئەو جەنگە لە ئارادا نییە کە لە کۆتایی مانگی شوبات بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد. بڕیاریشە کۆتایی ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە سەردانێک بگاتە چین و لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبێتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە