رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئەمریکی دەڵێت، ئێران بیر لە بەکارهێنانی دۆلفینی بۆمبڕێژکراو دەکاتەوە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە تەنگەی هورمز، کە چەندین هەفتەیە لەژێر گەمارۆی سەربازیی ئەمریکادایە.
بەرپرسانی ئێران گەمارۆکە بە دوژمنکاری و کردەوەیەکی جەنگی دادەنێن و هۆشداری بە ئەمریکا دەدەن کە دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بکەنەوە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی ئێرانەوە بڵاویکردووەتەوە، رەنگە ئەم جارە لە هێرشەکاندا هەندێ چەک بەکاربێنن کە پێشتر بەکارنەهێنراون، تاوەکو کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا کە لە ناوچەکە بکەنە ئامانج. یەکێک لەو چەکانەش دۆلفینی مین-هەڵگڕە.
ئەمە یەکەمین جار نییە تاران بیر لە بەکارهێنانی دۆلفینی خۆکوژ بکاتەوە. بەپێی راپۆرتێکی ئەوکاتی تۆڕی بی بی سی، لە ساڵی 2000 ئێران ژمارەیەک دۆلفینی کڕیوە کە پێشتر بۆ هێزی دەریایی یەکێتیی سۆڤیەت مەشقیان پێکرابوو بۆ ئەوەی لە هێرشی خۆکوژیدا بەکاریانبێنێت.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردبوو، ئەو گیاندارە دەریاییە مەشقیان پێکراوە بۆ ئەوەی مین و بۆمب لەسەر پشتیان بچەسپێنرێت و هێرش بکەنە سەر دوژمنەکانی کۆماريی ئيسلاميی ئێران. هەروەها مەشقیان پێکراوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی خۆکوژی بۆ سەر کەشتییەکانی دوژمن لە رێگەی هەڵگرتنی مینەوە.
بەپێی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، تاران هەروەها دەتوانێت ژێردەریایی رەوانەی تەنگەی هورمز بکات بۆ ئەوەی کێبڵە سەرەکییەکانی ئینتەرنێت بپچڕێنێت و کێشەی گەورە بۆ ئینتەرنێتی جیهان دروستبکات و گرژییەکان زیاتر پەرەپێبدات.
حەمیدڕەزا عەزیزی، توێژەری میوان و تایبەتمەند لە کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە پەیمانگەی توێژینەوەی (SWP) لە بەرلین، بە وۆڵ ستریت جۆرناڵی راگەیاندووە: "لە تاران، گەمارۆکە زیاتر وەکو رووخسارێکی دیکەی شەڕەکە سەیر دەکرێت، نەک وەکو جێگرەوەیەک بۆ شەڕ."
عەزیزی دەشڵێت: "لە ئەنجامدا، رەنگە بەم زووانە بڕیاردەرانی ئێران بگەنە ئەو بڕوایەی کە دەستپێکردنەوەی ململانێکان تێچووی کەمترە لە بەردەوامبوون لە بەرگەگرتنی گەمارۆیەکی درێژخایەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ