رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت کە دڵنیایە لەوەی سوێد لە "زووترین کاتدا" دەبێتە ئەندامی هاوپەیمانێتیی ناتۆ.
رۆژی پێنجشەممە، 1ـی ئایاری 2023، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، لە گوتارێکیدا لە ئەکادێمیای هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە کۆلۆرادۆ رایگەیاند: "ئێستا ناتۆ بە وزەتر و یەکگرتووترە لە دەیەکانی رابردوو، بە بەئەندامبوونی فینلاند لە رێکخراوەکە، ناتۆ، بەهێزتر بووە و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا، سوێد دەبێتە ئەندامی ناتۆ، من بەڵێنتان پێدەدەم."
ئەو گوتانەی بایدن لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە، 1ـی ئایاری 2023، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە سوێد رایگەیاند، "لە دیدی ئەمریکاوە، ئێستا کاتی ئەوەیە کە[سوێد] ببێتە ئەندامی ناتۆ."
هاوکات، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە ئۆسلۆ رایگەیاند، لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی تورکیا دەکات و هەڵدەدات تورکیا رازیبکات ئەندامێتیی سوێد لە ناتۆ پەسند بکات.
ئەوە لە کاتێکدایە، لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوودا، دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، فینلاند و سوێد بەیەکەوە داواکارییان پێشکێش بە رێکخراوی ناتۆ کرد بۆ ئەندامبوون لە رێکخراوەکە.
تورکیاش وەکو ئەندامێکی رێکخراوەکە پێشتر رایگەیاند کە ئامادەن داواکاریی فینلاند و سوێد بۆ بوونە ئەندامی رێکخراوەکە پەسند بکەن بەو مەرجەی هەردوو وڵاتەکە، بە تایبەتی سوێد، ژمارەیەک داواکراویان رادەست بکاتەوە، بەڵام سوێد نەچووە ژێرباری داواکارییەکەی تورکیا، بۆیە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا تەنیا بە ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ رازی بوو.
رۆژی سێشەممە، 4ـی ئاداری 2023، لە بنکەی سەرەکیی رێکخراوی ناتۆ لە برۆکسل، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ و ساولی نینیستۆ، سەرۆکی فینلاند لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە فەرمی ئەندامێتیی فینلاندیان لە رێکخراوەکە راگەیاند و فینلاند بووە 31مین ئەندامی رێکخراوەکە.
هاوپەیمانێتیی ناتۆ لە 31 وڵاتی ئەندام پێکدێت، بەگوێرەی بڕگەی 5ـی پەیماننامەی ناتۆ کە لە ساڵی 1949دا واژۆ کراوە: هەر هێرشێك بکرێتە سەر ئەندامێکی ناتۆ، بە هێرشی سەر هەموو ئەندامەکانی دادەنرێت و دەبێت هەموو ئەندامەکانی وەڵامی ئەو هێرشە بدەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ