رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی پۆرتوگال رایگەیاند، لەنێو کەشتییەکدا کە لە کەمبۆدیاوە رووی لە وڵاتەکە کردووە، دەستیان بەسەر 4.2 تۆن کۆکایندا گرتووە؛ دەشڵێت، کۆکاینەکە بایی زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلارە.
رۆژی پێنجشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2023، ڤیتۆر ئەنانیاس، دادوەری دادگەی لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی پۆرتوگال رایگەیاند، "دەستبەسەرداگرتنی ئەو کۆکاینە، زۆرترین بڕی کۆکاینە کە لەم چەند ساڵەی دواییدا دەستی بەسەرداگیرابێت."
بەگوێرەی بەرپرسانی پۆرتوگال، کۆکاینەکە، لەنێو چەند گونیەیێکدا داندراوە و بە مۆز داپۆشراوە و بە کەشتییەک کە ئاڵای ئیتاڵیای لەسەر بووە، گەیێندراوەتە بەندەری سێتوباڵ لە باشووری شاری لیسبۆنی پۆرتوگال.
کۆکاینەکە، بەگوتەی پۆلیس، "بێگەرد" بووە، هیچ مادەیەکی دیکەی لەگەڵدا تێکەڵ نەکراوە و بایی زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلارە و بە مەبەستی گەیاندنی بە چەند وڵاتێکی ئەوروپی رەوانەی پۆرتوگال کراوە.
بەرپرسانی پۆرتوگال ئاماژە بەوە دەکەن کە دەستبەسەرداگرتنی ئەو کۆکاینە "زیانێکی زۆر بە رێکخراوەکانی تاوانکاری دەگەیێنێت کە مادەی هۆشبەر لە ئەوروپا دابەشدەکەن."
لە دەستبەسەرداگرتنی کۆکاینەکەدا، هاوئاهەنگی لەنێوان کەمبۆدیا و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەوروپیدا هەبووە، بەڵام پۆلیسی پۆرتوگال، ئاماژەی بەوەکرد کە هیچ کەسێكیان دەستگیرنەکردووە.
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی 16ـی ئایاری 2023، پۆلیسی ئیتاڵیا لەنێو کەشتییەکدا کە لە ئیکوادۆرەوە بەرەو وڵاتەکە بەڕێکەوتبوو، دەستی بەسەر زیاتر لە دوو تۆن کۆکایندا گرت کە لەنێو بۆکسی مۆزدا شاردرابووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ