ناورۆتسکیی نەتەوەپەرست هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پۆڵەندای بردەوە

02-06-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجامە فەرمییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پۆڵەندا رۆژی دووشەممە نیشانیان دا کە کارۆل ناورۆتسکی، مێژووناسی نەتەوەپەرست هەڵبژاردنەکەی بردووەتەوە.
 
بردنەوەی نەتەوەپەرستەکە بە گورزێکی گەورە دادەنرێت بۆ حکومەتی پۆڵەندا کە لایەنگری یەکێتیی ئەورووپایە.
 
کۆمیسیۆنی نیشتمانیی هەڵبژاردنی پۆڵەندا رایگەیاند، کارۆل ناورۆتسکی تەمەن 42 ساڵ، کە هەوادارێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردندا کە رۆژی یەکشەممە کرا، 50.89%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
 
رافال چاسکۆڤسکیی تەمەن 53 ساڵ، کە سەرۆکشارەوانیی وارشۆیە و لایەنگری یەکێتیی ئەورووپا و هاوپەیمانی حکومەتی میانڕۆی وڵاتەکەیە، 49.11%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
 
ئەندرێ دودا، سەرۆکی نەریتخوازی ئەرک کۆتاییهاتوو، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "پیرۆزبایی لە براوەکە دەکەم!"
 
دودا، کە پشتگیریی لە ناورۆتسکی دەکرد، لە بەرامبەر "بەجێگەیاندنی ئەرکی شارستانی" و رێژەی بەشداریکردنی بەرز کە 71.63% بوو، سوپاسی پۆڵەندییەکانی کرد.
 
سەرکەوتنی ناورۆتسکی دەبێتە بەربەست بۆ کارنامەی حکومەت سەبارەت بە مافی منداڵ لەباربردن، کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە و تەنانەت رەنگە گرژییەکان لەگەڵ برۆکسل لەسەر پرسەکانی سەروەری یاسا زیندوو بکاتەوە.
 
هەروەها رەنگە زیان بەو پەیوەندییە بەهێزە بگەیێنێت کە لەگەڵ ئۆکرانیای دراوسێ هەیەتی، چونکە سەرۆکە تازەکە رەخنە لە پلانەکانی کیێڤ بۆ چوونە نێو یەکێتی ئەورووپا و ناتۆ دەگرێت و دەیەوێت یارمەتیی پەنابەرە ئۆکرانییەکان کەم بکاتەوە.
 
ناورۆتسکی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن سەردانی کۆشکی سپی کرد و گوتی ترەمپ پێی گوتووە، "تۆ سەردەکەویت."
 
کریستی نۆئێم، وەزیری ناوخۆی ئەمریکاش پشتیوانیی ناورۆتسکی کرد، کاتێک هەفتەی رابردوو بەشداریی کۆنفرانسێکی نەریتخوازەکانی لە پۆڵەندا کرد و گوتی، "پێویستە ئەو سەرۆکی داهاتوو بێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا