کۆشکی سپی: ترەمپ ئامادەیە لە تورکیا لەگەڵ پووتین و زیلینسکی کۆببێتەوە

02-06-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کۆشکی سپی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا "ئامادەیە" لەسەر بانگێشتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا چاوی بە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ئۆکراینا و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بکەوێت و لەگەڵیان کۆبێتەوە.
 
رۆژی دووشەممە 02-06-2025 شاندی دانوستاندنکاری رووسیا و ئۆکراینا لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا بۆ جاری دووەم بە شێوەیەکی راستەوخۆ کۆبوونەوە.
 
دوو شاندەکە نەگەیشتنە رێککەوتنی ئاگربەست، هەرچەندە ئۆکراینا داوایکردبوو، بەڵام رێککەوتن کە هەموو ئەو دیلانە بگۆڕنەوە کە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 25 ساڵە، ئەوانەی بە سەختی نەخۆش یان بریندارن، هەروەها هەر یەکەیان تەرمی شەش هەزار سەرباز بگەڕێنێتەوە.
 
ئەردۆغان خواستی خۆی بۆ میوانداریکردنی ترەمپ بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پووتین و زیلینسکی دووپات کردەوە. سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، لە ئیستەنبووڵ یان لە ئەنقەرە کۆبوونەوەکە بکرێت.
 
هەمان رۆژ، کارۆلاین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند: "سەرۆک [ترەمپ] گوتوویەتی ئەگەر بابەتەکە بگاتە ئەو قۆناخە، ئەو ئامادەیە، بەڵام ئەو دەیەوێت دوو سەرۆکەکە و دوو شاندەکە پێکەوە بێنە سەر مێزی گفتوگۆ."
 
تاوەکو ئێستا پووتین ئەو جۆرە کۆبوونەوەیەی رەتکردووەتەوە، بەڵام زیلینسکی خواستی خۆی بۆ ئامادەبوون دەربڕیوە و گوتوویەتی: "پرسە گەورەکان لە ئاستی سەرکردایەتی چارەسەر دەکرێن."
 
روستێم عومەرۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکراینا و سەرۆکی شاندی وڵاتەکەی لە تورکیا گوتی، ئەو زیلینسکیی لە ئەنجامی کۆبوونەوەکە ئاگادار کردووەتەوە.
 
عومەرۆڤ گوتی، شاندەکەیان "بەڕوونی و بەردەوامییەوە" داوای ئاگربەستێکی بێمەرجی 30 رۆژەیان کردووە.
 
وەزیری بەرگریی ئۆکراینا گوتی: "چەندین مانگە ئەمە بنەمای ئێمە و هەڵوێستی هاوبەشەکانمان بووە."
 
ئەو وەزیرە رووسیای بەوە تۆمەتبارکرد، "تەنانەت بیرۆکەی راگرتنی کوشتاری رەتکردەوە. دۆسیەکانمان زووتر پێشکێشکرد؛ بەڵام یاداشتەکەی رووسیا ئەمڕۆ لەکاتی کۆبوونەوەکە پێشکێشکرا."
 
هەر لەسەر بابەتی ئاگربەست، لەدوای کۆبوونەوەکە ڤلادیمیر مێدینسکی، سەرۆکی شاندی رووسیا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "رووسیا پێشنیازی ئاگربەستێکی نیمچەیی کردووە کە دوو یان سێ رۆژ بخایەنێت."
 
 مێدینسکی روونیکردەوە، ئەو ئاگربەستە لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراوی بەرەکانی پێشەوەی جەنگ جێبەجێ دەکرێت و بۆ ئەوەیە "فەرماندەکان تەرمی سەربازەکانیان وەرگرنەوە."
 
ئاندری یەرماک، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکایەتیی ئۆکراینا رایگەیاند، رووسیا "هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی خۆیان لە ئاگربەست بدزنەوە و بەردەوامیی بە جەنگ بدەن."
 
یەرماک لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا داوایکرد سزای نوێ بەسەر رووسیا بسەپێنرێت و گوتی: "لۆژیک شتێک نییە رووسیا جێبەجێی بکات."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە