رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەڵێت، شەوی رابردوو 162 درۆنی ئۆکراینایان خستووەتە خوارەوە.
هێرشەکان لە کاتێکدان، ئەمڕۆ دووشەممە شاندەکانی هەردوو وڵاتە دراوسێ دووژمنەکە لە ئیستەنبووڵ گەڕی دووەمی دانوستاندنی ئاشتی دەکەن.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەڵێت، "سیستمی بەرگریی ئاسمانی 162 درۆنی ئۆکراینای تێکشاند."
زۆربەی درۆنەکان لە ئاسمانی ئەو هەرێمانە خراونەتە خوارەوە کە هاوسنووری ئۆکراینان؛ 57 لەوانە لە کورسک و 31ی دیکە لە بێلگۆرۆد.
هێرشەکان هەروەها رۆژێک دوای ئەوە هاتن کە کیێڤ رایگەیاند، یەکێک لە سەرکەوتووترین هێرشەکانی کردووەتە سەر قووڵایی رووسیا و ژمارەیەک بۆمبهاوێژی ستراتیجیی ئەو وڵاتەی تێکشکاندووە.
بە هاندانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، مۆسکۆ و کیێڤ هەردووکیان بۆ یەکەمجار لە دوای دەستپێکردنی جەنگەوە، دانوستانی راستەوخۆیان دەستپێکردووە، بەڵام هێشتا پێشکەوتنێکی بەرچاویان بەرەو رێککەوتن بەدەست نەهێناوە.
مانگی رابردوو، لە یەکەم گەڕی گفتوگۆکان لە ئیستەنبووڵ، رووسیا و ئۆکراینا لەسەر دیلگۆڕینەوەیەکی بەرفراوان رێککەوتن و تێڕوانینی خۆیان بۆ چۆنیەتیی رێککەوتنی ئاشتی بۆ یەک روونکردەوە.
دووەم گەڕی دانوستاندنەکان بڕیارە کاژێر 01:00ی دوای نیوەڕۆ لە کۆشکی چراغان لە ئیستەنبووڵ دەستپێبکات، کە کۆشکێکی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییە لە کەنارەکانی بۆسفۆر و ئێستا کراوەتە هۆتێلێکی پێنج ئەستێرەیی.
رووسیا دەڵێت "یاداشتێک" لە مەرجەکانی خۆی بۆ ئاشتی دەخاتەڕوو.
سەرەڕای ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە، هەردوولا هێشتا زۆر لە رێککەوتن دوورن، چ بۆ ئاگربەستی کاتی بێت یان چارەسەرێکی درێژخایەنتر.
بۆ روونکردنەوەی هەڵوێستی کیێڤ پێش گفتوگۆکان، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، جارێکی دیکە داوای کرد رووسیا دەستبەجێ شەڕ بوەستێنێت.
سەرۆکی ئۆکراینا رۆژی یەکشەممە لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گوتی، "یەکەم: ئاگربەستێکی تەواو و بێ مەرج. دووەم: ئازادکردنی دیلەکان. سێیەم: گەڕاندنەوەی منداڵە رفێندراوەکان."
سەرۆکی ئۆکراینا هەروەها داوای کرد کە لایەنەکان گفتوگۆ لەسەر کۆبوونەوەیەکی راستەوخۆ لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بکەن.
زیلینسکی گوتی، "پرسە سەرەکییەکان تەنیا لەلایەن سەرکردەکانەوە چارەسەر دەکرێن."
کرێملین چەندین جار ئەو ئەگەرەی رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە کە کۆبوونەوەی پووتین و زیلینسکی تەنیا دوای ئەوە روودەدات کە شاندە دانوستاندنکارەکان بگەنە "رێککەوتنێکی" فراوانتر.
رووسیا بە درێژایی جەنگەکە تێبینی لەسەر رەوایەتیی زیلینسکی هەبووە و چەندین جار داوای لەکارلادانی کردووە.
مۆسکۆ دەڵێت، دەیەوێت "هۆکارە ریشەییەکانی" جەنگەکە چارەسەر بکات، کە مەبەست لێی سنووردارکردنی توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیا، قەدەخەکردنی ئەندامبوونی وڵاتەکە لە ناتۆ و سازشی گەورەی خاکە.
کیێڤ و رۆژئاوا ئەو داوایانەیان رەتکردووەتەوە و هێرشی رووسیایان تەنیا وەک دەستبەسەرداگرتنێکی فراوانخوازانەی خاک ناوبردووە.
دەیان هەزار کەس کوژراون لەوەتەی رووسیا دەستی بە جەنگەکە کردووە، هەروەها بەشێکی بەرفراوانی رۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا وێران بووە و ملیۆنان کەس ناچاربوون ماڵەکانیان جێبێڵن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ