ئۆکراینا و رووسیا لەسەر گۆڕینەوەی تەرمی 12 هەزار سەرباز رێککەوتن

02-06-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە دانوستاندنی ئیستەنبووڵ، هەریەک لە رووسیا و ئۆکراینا رێککەوتن ئەو سەربازانە ئاڵوگۆڕ بکەن کە بە سەختی بریندارن و ئەوانەیشی کە تەمەنیان لە 25 ساڵ کەمترە. بەشێکی دیکەی رێککەوتنەکە، تایبەتە بە گۆڕینەوە تەرمی 6000 سەرباز بۆ هەر لایەکیان.
 
رۆژی دووشەممە 02-06-2025، رۆستەم عومەرۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکراینا و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری وڵاتەکەی لە ئیستەنبووڵ رایگەیاند: "[لەگەڵ رووسیا] رێککەوتین هەموو ئەو سەربازە دیلانە بگۆڕینەوە کە بە سەختی بریندار بوون یانیش نەخۆشییەکی سەختیان هەیە."
 
عومەرۆڤ گوتی: "خاڵی دووەمی رێککەوتنەکە بریتییە لە گۆڕینەوەی ئەو سەربازانەی تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 25 ساڵدایە. ئێمە هەروەها رێککەوتین تەرمی 6000 سەرباز بە 6000 سەرباز بۆ یەکدی بگەڕێنینەوە."
 
سەرۆکی شاندی ئۆکراینا ئەو لێدوانەی لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا دا، ئەمەش لە دوای تەواوبوونی دانوستاندنی نێوان وڵاتەکەی و شاندی رووسیا. ئەمە دووەم گەڕی گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان دوو وڵاتە شەڕکەرەکە بوو.
 
سەرنجی سەرەکیی هەموو جیهان لەسەر پرسی راگەیاندنی ئاگربەستی نێوانیان بوو. سێرگی کیسلیتسیا، ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری ئۆکراینا گوتی: "لایەنی رووسی لە رەتکردنەوەی ئاگربەستی بێمەرج بەردەوامن."
 
ڤلادیمیر مێدینسکی، سەرۆکی شاندی رووسیا لە کۆنفڕانسی رۆژنامەڤانیی دوای کۆبوونەوەکە گوتی: "ئاگربەستێکی دیاریکراومان پێشنیاز کردووە کە بۆ ماوەی دوو یان سێ رۆژ لە بەرەی پێشەوەی جەنگ دەبێت، ئەمەش بۆ ئەوەی فەرماندەکان بتوانن تەرمی سەربازەکانیان ببەنەوە."
 
لە گەڕی یەکەمی کۆبوونەوەکە لە نێوەڕاستی مانگی ئایار لە تورکیا کرا، دوو لایەنەکە تەنیا لەسەر ئاڵوگۆڕی 1000 دیل بۆ هەر لایەک رێککەوتن و هیچ رێککەوتنێک لەسەر ئاگربەست نەکرا. 
 
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی کۆبوونەوەی ئەو دوو وڵاتە گوتی: "خۆشحاڵین دوای دوو هەفتە لە تەواوبوونی گەڕی یەکەمی دانووستاندنەکانی ئیستەنبووڵ ئەمڕۆ دووبارە میوانداری گەڕی دووەمی دانووستاندنەکان دەکەین. بۆ سەرخستنی دانووستاندنەکانی ئاشتی، بەڕێز ئەردۆغان بەردەوام لەگەڵ هەردوو بەڕێزان پووتین و زیلینیسکی لە پەیوەندیدایە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە