رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکی ئەڵمانیا بڕیاریدا، سیاسەتی حکومەتی نوێی وڵاتەکە بۆ گەڕاندنەوەی پەناخوازان لە سنوورەکانی، نایاساییە. ئەمەش گورزێک بوو کە لە یەکێک لە هەنگاوە سەرەکییەکانی فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا درا.
رۆژی دووشەممە 02-06-2025، دادگەی کارگێڕیی بەرلین لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند: "ئەو کەسانەی لە کاتی پشکنینی سنوور لەسەر خاکی ئەڵمانیا داوای مافی پەنابەری دەکەن، نابێت بنێردرێنەوە."
بڕیارەکەی رۆژی دووشەممە دوای تانەیەک هات کە لەلایەن سێ هاووڵاتیی سۆماڵییەوە پێشکەشکرابوو، کە لە وێستگەیەکی شەمەندەفەر لەسەر سنووری پۆڵەندا رووبەڕووی پشکنینی کۆچبەریی ببوونەوە.
ئەوان داوای مافی پەنابەرییان کردبوو، بەڵام هەمان رۆژ گەڕێندرابوونەوە بۆ پۆڵەندا.
سیاسەتی نوێی گەڕاندنەوەی نزیکەی هەموو کۆچبەرە بێ بەڵگەنامەکان لە سنوورەکانی ئەڵمانیا، بە پەناخوازانیشەوە، دوای ماوەیەکی کەم لە دەستبەکاربوونی حکومەتەکەی مێرتس لە سەرەتای مانگی رابردوودا، بە خێرایی جێبەجێکرا.
سنووردارکردنی کۆچی نایاسایی خاڵێکی سەرەکیی بەرنامەی مێرتس بوو بۆ هەڵبژاردنە گشتییەکانی مانگی شوبات.
رۆژی 10-05-2025 فەرمانگەی کۆچ و پەنابەرانی ئەڵمانیا لە وەڵامی ئیمەیڵێکی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی: "ئەو کەسانەی مافی مانەوەیان لە ئەڵمانیا وەرنەگرتووە، بە مسۆگەری دیپۆرتی ئەو وڵاتانە دەکرێنەوە کە لێوەی هاتوون، یان دەگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتە بنەڕەتییەکانیان."
بەپێی ئامارەکانی کۆچ و پەنابەرانی وڵاتە ئەورووپییەکە، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی دەچنە ئەڵمانیا.
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، هەزار و 480 عێراقی داوای مافی پەنابەرییان لە ئەڵمانیا کردووە. ئەو پەناخوازانەی مافی مانەوەیان وەرنەگرتووە، تەنیا بۆ ماوەیەکی نادیار پەسند دەکرێن و تاوەکو هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی وڵاتەکەیان دەکرێت، لە ئەڵمانیا دەحەوێندرێنەوە.
لەسەر جیاکاریکردن لەنێوان پەناخوازانی سووریایی و عێراقی، کۆچ و پەنابەرانی ئەڵمانیا گوتی، "هەمیشە تەنیا چیرۆکی هەڵاتنی تاکەکەسی هەڵدەسەنگێندرێت. نەتەوە یان وڵات راستەوخۆ نابنە هۆکاری وەرگرتنی پێگەی پاراستن یان رەتکردنەوەی داوای پەنابەری."
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر مەترسییەک لە وڵاتی پەناخوازە رەتکراوەکاندا هەبێت، ئەو کاتە دیپۆرتکردنەوە دوادەخرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ