لە هیندستان 34 کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستدا

02-06-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە چوار رۆژی رابردوو، لانیکەم 34 کەس لە باکووری رۆژهەڵاتی هیندستان بەهۆی لافاو و رۆچوونی خاکەوە گیانیان لەدەستداوە. کەشناسیی وڵاتەکە پێشبینیی بارانی زیاتر دەکات.
 
رۆژی دووشەممە 02-06-2025 حکومەتی هیندستان رایگەیاند، بەهۆی شەستە بارانەوە نزیکەی هەزار گەشتیار لە هەرێمی سیکیم، لە باکووری رۆژهەڵاتی هیندستان لەلایەن تیمە فریاگوزارییەکانەوە رزگارکران.
 
تیمێکی سوپای هیندستان لە هەرێمی مێگالایا لە هەمان ناوچەی هیندستان نزیکەی 500 کەسیان رزگارکرد، کە لە چەند ناوچەیەکی هەرێمەکە بەهۆی لافاوەوە گیریان خواردبوو.
 
لە ناوچەی سیلهێت لە باکووری رۆژهەڵاتی بەنگلادیشی دراوسێی هیندستان، بەهۆی لافاوەوە چوار ئەندامی خێزانێک بەهۆی رۆچوونی خاکەوە گیانیان لەدەستدا.
 
باکووری رۆژهەڵاتی هیندستان و بەنگلادیش ساڵانە رووبەڕووی باران و لافاوێکی زۆر دەبێتەوە و ملیۆنان کەس زیانیان پێدەگات.
 
لە شاری سیلچار لە هەرێمی ئاسام لافاو زۆربەی شەقام و رێگە سەرەکییەکانی داخستبوو. سۆنو دێڤی، دانیشتوویەکی شارەکەیە گوتی: "رووبەڕووی ئاڵنگاریی زۆر دەبینەوە. من منداڵێکم هەیە، جێخەوەکەی لەنێو ئاودایە. ئێستا لەو دۆخەدا چی بکەین؟ تەواوی شەو ناخەوین و بە ئاگا دەبین."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە