بەرپرسی نووسینگەی بازرگانیی نەمسا لە عێراق: سەردانی نێچیرڤان بارزانی هەنگاوێکە بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانمان

02-07-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هێرفیگ نیوپەر.
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هێرفیگ نیوپەر.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی نووسینگەی بازرگانیی نەمسا لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەڵێت، سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ نەمسا هەنگاوێکە بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و ڤیەننا. 
 
رۆژی سێشەممە، 2ـی تەممووزی 2024، هێرفیگ نیوپەر، بەرپرسی نووسینگەی بازرگانیی نەمسا لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەختیار عەبدولعەزیز، پێشکێشکاری رووداوی راگەیاند، کۆی گشتیی قەبارەی بازرگانی لە نێوان نەمسا و عێراق لە ساڵی 2023، نزیکەی نیو ملیار دۆلار بوو، دەڵێت عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستیان بەوەیە ئابوورییەکەیان فرەچەشن بکەن. پێموایە دەتوانین لەو کارەدا یارمەتییان بدەین.
 
ئەو بەرپرسەی نەمسا دەشڵێت: "نەمسا و هەرێمی کوردستان، دۆستی زۆر باشی یەکدین، هەروەها چەندین دەیەیە پەیوەندییەکانمان زۆر باشبوون. هێڵێکی ئاسمانیی نەمساییمان هەیە گەشت بۆ هەولێر دەکات، کە تاکە گەورە کۆمپانیای ئەورووپییە لەم کاتەدا گەشت بۆ هەولێر بکات. ئەمە تەنیا یەکێکە لەو شتانەی نیشانیدەدات پەیوەندییەکانمان بەردەوام باشتر دەبن."
 
لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ڤیەننا، نیوپەر گوتیشی: "بێگومان سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئێمە زۆر دڵخۆش دەکات، هەروەها دڵنیام کە ئەوە هەنگاوێکە بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانمان کە هەر لە ئێستاوە زۆر باش و دۆستانەن، نەک تەنیا لە رووی ئابوورییەوە، بەڵکو لە رووی کولتووری و سیاسییشەوە، بۆ ئەوەی پێشانیبدەین کە خەڵکەکانمان چۆن یەکدیان خۆشدەوێت و دەرفەت بۆ پێکەوەکارکردنی زیاتر لە چەندین کەرتی دیکەدا هەیە." 
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە، 1ـی تەممووز بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ڤیەننای پایتەختی نەمسا و بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆک و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە: 
 
رووداو: پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان عێراق و نەمسا لە چ ئاستێکدان؟
 
هێرفیگ نیوپەر: بەیانیتان باش. زۆر سوپاس بۆ ئەم میواندارییە. بە بڕوای من پەیوەندییەکانی نەمسا و عێراق لە زۆر رووەوە، لە نێویاندا لە بواری ئابووریدا، زۆر بە باشی گەشەدەکەن. دەتوانم بڵێم ساڵی رابردوو گڕوتینێکی گەورەیان بەخۆیەوە بینی، دوای ئەوەی کە بە فەرمی باڵیۆزخانەی نەمسامان لە بەغدا کردەوە، دوای کۆبوونەوەکانی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەمان و بەڕێز شالنبێرگ و شاندە بازرگانییەکان، کە ئەوەش زۆر یارمەتیدەر بوو و پەیوەندییەکانی ئێمەیان گەیاندنە ئاستێکی نوێ. بە بڕوای من ئەوە هەنگاوێکی زۆر گەورە بوو بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی ئابووری لە نێوان هەردوو وڵاتماندا."
 
رووداو: هیچ ژمارە یان ئامارێکتان لایە لە بارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات؟ 
 
هێرفیگ نیوپەر: کۆی گشتیی قەبارەی بازرگانی لە نێوان نەمسا و عێراق پار، واتە لە ساڵی 2023، نزیکەی نیو ملیار دۆلار بوو، واتە 500 ملیۆن دۆلار. بەرهەمی سەرەکی کە ئێمە لە عێراقەوە هاوردەی دەکەین، نەوتە. ئەو بەرهەمانەشی لە نەمساوە هەناردەی عێراق دەکرێن، زۆر فرەجۆرن، شتی جیاجیای سەر بە کەرتی جۆراوجۆرن، لە بەرهەمی خواردنەوە بگرە، تا دەگاتە پزیشکی، تەکنیکی، ئامێر و تا دوایی. هیوادارین ئەمساڵ ژمارەکان باشتریش بن و قەبارەی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی، گەورەتریش بکەین."
 
رووداو: عێراق وڵاتێکی خاوەن نەوت، بەڵام پێویستی بە شارەزایی و ئەزموونە لە کەرتەکانی دیکەدا. نەمسا دەتوانێت لە چ بوارێکدا هاوکاریی عێراق بکات، بۆ نموونە لە کەرتی کشتوکاڵ و ئەوانی دیکە؟
 
هێرفیگ نیوپەر: بەڵێ، وەک ئاماژەتان پێدا، لە چەند دەیەی رابردوودا، عێراق بەشێوەیەکی سەرەکی، تەنیا پشتی بە پیشەسازیی نەوت بەستووە. عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستیان بەوەیە ئابوورییەکەیان فرەچەشن بکەن. پێموایە دەتوانین لەو کارەدا یارمەتییان بدەین. ئێمە دەزانین، کە دەیانەوێت بەرهەمی نێوخۆ زیاد بکەن، بەرهەمی کشتوکاڵی نێوخۆ زیادبکەن، یان پیشەسازی ئامادەکردنی خۆراک. زۆر کەرتی دیکەش هەن کە بڕوامان وایە، ئێمەی نەمسایی و کۆمپانیاکانمان چارەسەری دروستیان هەیە بۆ پشتیوانیکردنیان. کەرتی وزەی نوێبووەوەکە یەکێکە لەوانە، هەروەها کەرتی تەکنەلۆجیای کشتوکاڵی، کەرتی ئامادەکردنی خۆراک و زۆری دیکە."
 
رووداو: عێراق لە کەرتی داراییدا زۆر کێشەی هەیە. ئەمریکا گوشار دەخاتە سەر عێراق بۆ رێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە و ناردنی دۆلارەکەی بۆ دەرەوەی وڵات. نەمسا، وەک وڵاتێک کە لە رووی شەفافیەتی داراییەوە لە ریزی پێشەوەیە، چۆن دەتوانێت یارمەتیی عێراق بدات لە رێگریکردن لە چوونەدەرەوەی دۆلار و دراوی بیانی و گەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق بە ئاستی ستاندارد؟
 
هێرفیگ نیوپەر: ئەگەر باسی خۆم بکەم، من ناتوانم یارمەتیی کەرتی بانکی عێراق بدەم. هەموومان دەزانین ئەمە پرسێکی هەستیارە. بە بڕوای من پێویستە متمانەی زیاتر دروستبکرێت، هەروەها پێویستە عێراق شەفافیەتی زیاتر پێشانبدات، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لایەن و بانکە نێودەوڵەتییەکان بتوانن، لە نێویاندا بانکەکانی نەمسا، زیاتر متمانەی پێ بکەن. پێویستمان بە شەفافیەتێکی 100٪ـە، بۆ ئەوەی گواستنەوەی پارە بە شێوەیەکی ئاسانتر بکرێت. کۆمپانیا بیانییەکان متمانەی زیاتر بە کەرتی بانکی عێراق بکەن. ئەمە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی بتوانین بازرگانیی نێوان دوو وڵاتەکەمان بەهێزتر بکەین."
 
رووداو: عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە. نەمسا چۆن دەتوانێت لە رووی بەرهەمهێنانی وزەی پاکەوە یارمەتیی عێراق بدات؟
 
هێرفیگ نیوپەر: بەڵێ، وەک ئێوە باستانکرد، عێراق بەشێوەیەکی زۆر خراپ بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا زیانمەند بووە، پەلەی گەرما لە بەرزبوونەوەدایە، هەروەها ئاو بۆ کشتوکاڵ پێویستە. عێراق دەرفەتێکی زۆری هەیە بۆ سوودوەرگرتن لە وزەی خۆر. هەر لە ئێستاوە زۆر پڕۆژە لەوێ هەن و هەندێکی دیکەشیان بەڕێوەن. کۆمپانیاکانی نەمسا چارەسەری باشیان هەیە و ئێمە یەکێکین لە باشترینەکانی ئەوروپا لە رووی وزە نوێبووەکانەوە و زۆر شت هەن کە دەکرێت بکرێن. لە بواری بەڕێوەبردنی ئاو و ئاوەڕۆوە و تەکنەلۆجیای کشتوکاڵ، کۆمپانیایێکی نەمسا کەرەستەی سیستمی ئاودێری بۆ عێراق دابیندەکات، دوای ئەوەی لە لایەن وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقەوە پڕۆژەیەکی پێدرا بۆ ئەوەی یارمەتیی جوتیارانی تەواوی عێراق بدات لە ئاودێریکردنی کێڵگەکانیاندا. بە بڕوای من ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە. هەروەها عێراقییەکان متمانەیان بە بەرهەمەکانی نەمسا هەیە، کوالێتیی باشیان هەیە. بۆیە نایانەوێت تەنیا بەرهەمەکانیان پێمان بفرۆشن، بەڵکو ئێمە بە هاوبەشی بازرگانیی خۆیان دەزانن. بەرهەمەکان ئەوانە نین تەنیا چەند ساڵێک بمێننەوە، بەڵکو کوالێتیی زۆر باشیان هەیە. نەمساییەکان هەروەها دوای فرۆشتنیش، چاودێریی بەرهەمەکانیان دەکەن، لە بواری چاککردنەوەدا بۆ نموونە، بۆ ئەوەی هەموو شتێک بە باشی بەڕێوەبچێت و بتوانین پشتیوانی عێراق بکەین."
 
رووداو: دیارترین پڕۆژەی کۆمپانیا نەمساییەکان لە هەرێمی کوردستان چییە؟
 
هێرفیگ نیوپەر: بەڵێ ئێمە دەیان کۆمپانیای نەمساییمان هەیە، کە بەرهەمەکان هەناردەی هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق دەکەن. بە دیاریکراوی لە هەرێمی کوردستان، ئێمە وەبەرهێنانێکی گرنگمان هەیە، کە ئەویش کارگەی مۆنتیکاسۆیە لە سلێمانی، بە نوێترین تەکنەلۆجیای سەردەم کیسی کاخەز دروستدەکات. کارگەیەکی زۆر سەردەمیانە و جوانە و کیسی کاغەز دروست دەکات، بە دیاریکراوی بۆ پێشەسازیی چیمەنتۆ کە یەکێکە لە پیشەسازییە هەرە گرنگەکان لە سەرانسەری عێراق و کارگەی مۆنتیکاسۆ کیسی کاغەز بۆ هەموو عێراق دابیندەکات. ئێمە زۆر سەربەزین بەم کارگەیە. هیوادارم لە داهاتوودا زۆر کارگەی دیکەی هاوشێوە هەبن.
 
رووداو: نەمساییەکان چۆن دەڕواننە پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان؟
 
هێرفیگ نیوپەر: ئێمە لە نزیکەوە لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە هاوئاهەنگیداین. زۆر باش دەیانناسین. ئێستا من لە نەمسام و لەگەڵ هاوکارانم کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە هاتوون، سەرقاڵی گەشتێکین بۆ ئەوەی زانیاری بە هەموو کۆمپانیا نەمساییەکان لە هەموو پارێزگەکان بدەین لە بارەی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و هەناردە بۆ هەرێمی کوردستان. ئێمە دەبینین دەرفەتی کارکردن هەیە. بەڵام هێشتا زۆر شت ماون کە دەبێت بکرێن، کە پەیوەستن بە شەفافیەت و هەلومەرجە یاساییەکان و دڵنیایی یاسایی، چونکە وەبەرهێنەران ئەم شتانەیان دەوێت. وەبەرهێنان وەک ئەوە نییە بچیتە گازینۆ، ئەوان پێویستیان بە دڵنیایی یاساییە، پێویستیان بە ئاساییشە. ئەمە ئەو شتانەن کە لە سەرووی لیستەکەدان کاتێک کە وەبەرهێنەران دەچنە وڵاتێکی نوێ بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی تێدا بکەن. 
 
رووداو: پێشتر ئێوە لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە، دەتانەوێت زیاتر لە چ کەرتێکدا وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا بکەن؟ کۆمپانیا نەمساییەکان چاویان لە چ کەرتێکە؟ هیچ پڕۆژەیەک هەیە لە داهاتوودا رایبگەیێنن؟
 
هێرفیگ نیوپەر: من زوو زوو دێمە هەرێمی کوردستان و گفتوگۆی بەردەواممان هەیە لەم کاتەدا. بەڵام من ناتوانم وردەکاریی هیچ پڕۆژەیەکتان بۆ باس بکەم، کە هێشتا بەڕێوەیە. هەرکە کاتەکە گونجاو بوو، ئاشکرایاندەکەین. بەڵام بە گشتی لە زۆر بوار و پڕۆژەدا کاردەکەین و هیوامان وایە بتوانین جێبەجێکردنی هەندێکیان لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا رابگەیێنین.
 
رووداو: سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چۆن دەتوانێت خزمەت بە بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نەمسا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق؟
 
هێرفیگ نیوپەر: هیوادارم بەو شێوەیە بێت. وەکو خۆتان دەزانن، ئێمە، واتە نەمسا و هەرێمی کوردستان، دۆستی زۆر باشی یەکدین، هەروەها چەندین دەیەیە پەیوەندییەکانمان زۆر باشبوون. هێڵێکی ئاسمانیی نەمساییمان هەیە گەشت بۆ هەولێر دەکات، کە تاکە گەورە کۆمپانیای ئەورووپییە لەم کاتەدا گەشت بۆ هەولێر بکات. ئەمە تەنیا یەکێکە لەو شتانەی نیشانیدەدات پەیوەندییەکانمان بەردەوام باشتر دەبن. بێگومان سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئێمە زۆر دڵخۆش دەکات، هەروەها دڵنیام کە ئەوە هەنگاوێکە بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانمان کە هەر لە ئێستاوە زۆر باش و دۆستانەن، نەک تەنیا لە رووی ئابوورییەوە، بەڵکو لە رووی کولتووری و سیاسییشەوە، بۆ ئەوەی پێشانیبدەین کە خەڵکەکانمان چۆن یەکدیان خۆشدەوێت و دەرفەت بۆ پێکەوەکارکردنی زیاتر لە چەندین کەرتی دیکەدا هەیە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە