رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی کورد دەڵێت، باڵیۆزی عێراق لە لیبیا دڵنیایی داوە کە سەردانی ئەو 7 گەنجە کوردە دەکات کە لە زیندانێکی ئەو وڵاتە دەستبەسەرن و کار بۆ گەڕاندنەوەیان دەکات. ئەو گەنجانە لە مانگی نیسانەوە لە لیبیا دەستبەسەرن.
موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ی تەممووزی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوێنێ سێشەممە پەیوەندی بە ئەحمەد سەحاف، باڵیۆزی عێراق لە لیبیا کردووە و باسیان لە چارەنووسی ئەو حەوت گەنجە کوردە کردووە کە لە زیندانی "معیتیقە" لە تەرابلوسی پایتەخت دەستبەسەرن.
بە گوتەی موسەننا ئەمین، باڵیۆزی عێراق پێی راگەیاندووە، "ئەمڕۆ سەردانی ئەو گەنجانە دەکەم، هەموو پێداویستییەکیان بۆ دابین دەکەین و رێکاری پێویست دەگرینەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیان و گەڕاندنەوەیان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا."
گەنجە دەستبەسەرکراوەکان کێن؟
ئەو حەوت گەنجە لە 24ی نیسانی 2025ـەوە پەیوەندییان لەگەڵ کەسوکاریان پچڕاوە، دوای ئەوەی لە لیبیا لەلایەن "هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا" دەستگیرکران.
ناوی گەنجەکان بەم شێوەیە:
• دیاری فەرهاد مینە (خەڵکی راپەڕین)
• دابان مەجید رەمەزان (خەڵکی راپەڕین)
• ئەحمەد عەبدولڕەحمان ئیبراهیم (خەڵکی راپەڕین)
• کەیوان عەبدوڵڵا ئەحمەد (خەڵکی راپەڕین)
• دیاری محەممەد مەحموود (خەڵکی راپەڕین)
• دانا خدر قادر (خەڵکی راپەڕین)
• بڕیار عوسمان عەلی (خەڵکی پارێزگای هەولێر)
کاروان مەجید، برای یەکێک لە گەنجەکان بەناوی (دابان)، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "براکەم و هاوڕێکانی رۆژی 23ی نیسان لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە چوونە میسر و لەوێشەوە بۆ لیبیا، تاوەکو لەوێوە بەرەو ئەوروپا کۆچ بکەن. لە 24ی مانگەوە بێسەروشوێن بوون و تاوەکو دواتر براکەم پەیوەندی کرد و گوتی لە لیبیا دەستگیرکراوین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ