لە سوێد گۆڤارێک بە زمانی کوردی بۆ منداڵانی کورد بڵاودەکرێتەوە

02-07-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گۆڤاری "هانۆ" بۆ منداڵانی کورد لە وڵاتی سوێد بڵاودەکرێتەوە کە گۆڤارێکی مانگانەیە و لەلایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی 49 Books دەردەکرێت.
 
گۆڤاری هانۆ بە تەواوی کوردییە و بە هەردوو زاراوەی کوردیی ناوەندی (سۆرانی) و کوردیی سەروو (کورمانجی) بڵاودەکرێتەوە.
 
سەرنووسەری بەشی کورمانجیی گۆڤاری هانۆ، دڵشا یوسف، بە رووداوی راگەیاند، لە داهاتوودا زاراوەکانی دملی (کرمانجکی/زازاکی)، هەورامی، کەلهوڕی، لەکی، لوڕی و گۆرانیش لەنێو گۆڤارەکەدا جێگەیان دەبێتەوە.
 
لە ژمارە یەکی گۆڤارەکەدا کە تازە دەرچووە، چەندین سرود، چیرۆک، راهێنان، یاری، مەتەڵ، پەندی پێشینان، چاوپێکەوتن، ناساندنی کتێبی منداڵان و وانەی فێرکاریی زمانی کوردی لەخۆدەگرێت.
 
جێی ئاماژەیە، دڵشا یوسف سەرنووسەری بەشی کورمانجییە و لە سوێد دەژی. سەرنووسەری بەشی سۆرانی ئازاد سەعیدییە و دانیشتووی رۆژهەڵاتی کوردستانە، هەروەها خاوەن ئیمتیازیش شارۆخ ئەرژەنگییە کە ئەویش لە سوێد نیشتەجێیە.
 
چەندین نووسەری وەک ساڵحی هەیدۆ، کۆنێ رەش و شەرمن بۆزارسلان بە بابەتەکانیان یەکەم ژمارەی گۆڤاری هانۆیان دەوڵەمەند کردووە.
 
 
"بەرهەمەکانتان بنێرن"
 
دەستەی بەڕێوەبەری گۆڤاری هانۆ بانگەوازێکی ئاڕاستەی خەمخۆرانی زمان کرد و رایگەیاند: "ئێمە وەک دەستەی بەڕێوەبەری گۆڤارەکە، داوا لە هەموو لایەک (گەورە و بچووک) دەکەین کە بابەتەکانتان (هۆنراوە، چیرۆک، چیرۆکی فۆلکلۆری، پەند، مەتەڵ، راپۆرت لەگەڵ منداڵە بەهرەمەندەکان، ناساندنی کتێب و بەرهەمی منداڵان، زنجیرەی فێرکاریی زمان و ئەلفوبێی کوردی، وەرگێڕانی بەرهەمی منداڵان لە زمانە بیانییەکانەوە، چالاکی و بەرهەمی خودی منداڵان) بۆ ئەم ئیمەیڵەمان بنێرن: (min-o-hano@49hano.com)".
 
لەلایەکی دیکەوە، دەتوانن لە رێگەی ئەم لینکەوە گۆڤاری هانۆ بکڕن: (https://49plusbooks.com/shop-1.html#!/products/hano-1).
 
مامۆستایان دەتوانن سوودی لێ وەربگرن
 
دەستەی بەڕێوەبەریی هانۆ داوا لە مامۆستایان دەکەن، گۆڤارەکە وەک کەرەستەیەکی فێرکاری بۆ قوتابییەکانیان بەکاربهێنن.
 
"ئامانجێکی زۆر بەرز و بەنرخی لەپێشە"
 
دڵشا یوسف، سەرنووسەری بەشی کورمانجیی هانۆ، سەبارەت بە گۆڤارەکە ئەم زانیاریانەی بە رووداو راگەیاند، "ماوەی زیاتر لە ساڵ و نیوێکە کار لەسەر ئەم پڕۆژەیە دەکرێت و بناخەکەی دادەنرێت. پەیوەندی بە نووسەرانی هەر چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵاتەوە کراوە. دەمانەوێت بەم شێوەیە تۆڕێک دروست بکەین تاوەکو هەموو ئەو کەسانەی لە بواری ئەدەبیاتی منداڵانی کورد دا دەنووسن، بە بەرهەمەکانیان لە گۆڤاری هانۆدا جێگەیان ببێتەوە".
 
هەروەها گوتی، "هانۆ ئامانجێکی زۆر بەرز و بەنرخی لەپێش خۆی داناوە، ئەویش دەرچوونیەتی بە هەموو زاراوەکانی زمانی کوردی. ئێستا کورمانجی و سۆرانی لە هەمان گۆڤاردان. کاتێک بەرهەم بە زاراوە و شێوەزارەکانی دیکەی کوردی بگات، ئەوانیش لە هەمان گۆڤاردا بڵاودەکرێنەوە".
 
دڵشا یوسف ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمە یەکەم ژمارەی گۆڤارەکەیە و ژمارەکانی داهاتووش لە کاتی خۆیدا دەر دەچن.
 
"کارێکی سەخت بوو، بەڵام بەرهەمی هەبوو"
 
سەبارەت بە هەندێک لەو ئاستەنگانەی رووبەڕوویان بووەتەوە، ئاماژەی بەوە کرد، "نەک تەنیا نووسەر، بەڵکوو دۆزینەوەی ئەو کەسانەی کاری دیزاینی گۆڤاری منداڵان دەکەن، کارێکی سەختە. هەروەها کاری وێنەکێشانیش پێویستە و ئەمەش لەنێو کورد دا بە سەختی دەدۆزرێتەوە. کارێکی پڕ زەحمەت بوو، بەڵام دواجار ئەمە بەرهەمەکەیەتی کە دەرچووە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە