وەزیری دەرەوەی فەرەنسا: دەبێت ئێران سازشی گەورە بکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
عەلی زەڵمی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رۆژی هەینی لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ ئیسرائیل رایگەیاند، دەبێت ئێران وەک بەشێک لە هەر چارەسەرێکی سیاسیی درێژخایەن بۆ جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سازشی گەورە بکات.
 
ژان نوێل بارۆ لە تەلئەڤیڤ بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان هەرچییەک بێت، دەبێت بە چارەسەرێکی سیاسی تەواو بکرێ کە ئەنجامێکی بەردەوامی هەبێت. لەم بارەیەوە، دەبێت ئێران ئامادە بێت بۆ ئەنجامدانی سازشی گەورە و گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە هەڵوێستەکانی."
 
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جارێکی دیکە داواکاریی ئەورووپای بۆ راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی وزە دووپات کردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بۆردوومانکردنی کێڵگەیەکی گازی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە، بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە جیهاندا.
 
ئۆپەراسیۆنەکانی لوبنان و هەلی گفتوگۆ
 
بارۆ کە رۆژی پێنجشەممە سەردانی بەیروتی کردبوو، "تێبینی و سەرنجی" فەرەنسای لەبارەی ئۆپەراسیۆنە زەوینییەکەی ئیسرائیل بۆسەر حیزبوڵڵا دەربڕی.
 
ژان نوێل بارۆ داوای لە ئیسرائیل کرد ئەم "هەلە مێژووییە" بقۆزێتەوە و گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی لوبنان ئەنجام بدات، ئەوەش دوای ئەوەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رەزامەندیی نیشاندا بۆ میوانداریکردنی دانوستاندنەکان.
 
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتی: "حکومەتی لوبنان ئامادەییەکی بێوێنەی بۆ گفتوگۆی راستەوخۆ لە بەرزترین ئاست لەگەڵ ئیسرائیل نیشانداوە."
 
هاوکات جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، لەگەڵ بارۆ باسیان لە "هێرشەکان بۆ سەر ئیسرائیل لە خاکی لوبنانەوە" کردووە. 
 
ساعر لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسی: "بەداخەوە حکومەت و سوپای لوبنان هیچ کارێکی جیدی دژی حیزبوڵڵا ناکەن، نە لە رووی سەربازی و نە لە رووی دیکەوە."
 
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل داوای لە یەکێتیی ئەورووپاش کرد کە حیزبوڵڵا بە تەواوی بخاتە لیستی تیرۆرەوە، نەک تەنیا باڵە سەربازییەکەی، وەک چۆن چەند وڵاتێکی ئەورووپی پێشتر ئەو کارەیان کردووە.
 
پلانی ترەمپ بۆ غەززە
 
ژان نوێل بارۆ ئاماژەی بەوەش کرد، سەقامگیریی ناوچەکە پەیوەستە بە جێبەجێکردنی پلانی ئاشتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ غەززە، کە لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو کۆتایی بە جەنگێکی دوو ساڵە هێنا.
 
ئەو پلانەی ترەمپ پێشنیازی چەککردنی حەماس، کشانەوەی پلەبەندیی سوپای ئیسرائیل و بڵاوەپێکردنی هێزێکی نێودەوڵەتیی جێگیرکەری ئاسایش دەکات، لەگەڵ پێکهێنانی لیژنەیەکی تەکنۆکراتی فەڵەستینیی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری رۆژانە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە