رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، بەهۆی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، ئێران بۆ 10 ساڵ ناتوانێت ژێرخانەکەی بونیاد بنێتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، مەبەستی سەرەکیی واشنتن رێگریکردنە لە چەکی ئەتۆمی، نەک گۆڕینی دەسەڵات لە تاران.
ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی "MS NOW" رایگەیاند، هەر ئێستا دەتوانێت کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە بەرپرسانی ئێران "10 ساڵیان پێدەچێت بۆ بونیادنانەوە."
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دا و گوتی، "ئەگەر زۆرتر بمێنینەوە، هەرگیز ناتوانن بونیادی بنێنەوە."
سەبارەت بە چارەنووسی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، رووخاندنی دەسەڵات ئامانجی سەرەکیی هێرشەکان نەبووە و گوتی، ئەمریکا دەتوانێت "تاوەکو ئاستێک" کاریگەریی هەبێت لەسەر ئەوەی کێ کاروباری ئێران بەڕێوەببات، بەڵام دووپاتی کردەوە کە "ئەوە مەبەستە سەرەکییەکە نییە."
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کرد کە پێش هێرشەکانی مانگی حوزەیرانی رابردوو بۆ سەر پێگە ئەتۆمییەکان، ئێران تەنیا "دوو هەفتە" دوور بوو لەوەی ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ترەمپ رایگەیاند، لەو ئۆپەراسیۆنەدا توانای ئێرانیان بۆ دروستکردنی چەک "بە تەواوی سڕییەوە."
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتا مەترسیی ئەوەی ئەو ناوی دەبات بە "تۆزی ئەتۆمی" ماوە؛ مەبەستی سەرۆکی ئەمریکا لەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەیە کە پسپۆڕانی بواری ئەتۆمی پێیان وایە بڕێکی زۆری لە ژێر شاخێک لە پارێزگای ئەسفەهان کۆگاکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ